کۆتایی ئەمساڵ شەقامی 120 مەتری هەولێر بە تەواوی دەکرێتەوە

رووداو-هەولێر

شەقامی بازنەیی 120 مەتری هەولێر کۆتایی ئەمساڵ بەڕووی شۆفێراندا دەکرێتەوە و پرۆژە 38 کیلۆمەترییەکەی پایتەخت کۆتایی پێدێت.


سەرتیب سابیر، سەرپەرشتیاری شەقامی 120 مەتری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا هەردوو سایدی سەرەکی بەشی کۆتایی شەقامی 120 مەتری هەولێر بەڕووی شۆفێراندا دەکرێنەوە، تەنیا دوو سایدی خزمەتگوزاریی شەقامەکە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

سەرپەرشتیاری شەقامی 120 مەتری هەولێر باسی لەوەکرد، ئەو بەشەی پرۆژەکە ئێستا کاری تێدا دەکرێت بەشی چوارەم و کۆتایی شەقامەکەیە و بە تەواوبوونی، هەموو پرۆژەکە بەڕووی شۆفێران دەکرێتەوە.

بەشی چوارەمی شەقامی 120 مەتری 11 کیلۆمەترە 3 ئەندەرپاس و بەرزەپردی تێدایە. بەشی یەکەمی شەقامی 120 مەتری هەولێر لە مانگی 2ی ساڵی 2017 کرایەوە.

شەقامەکە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، 38 کیلۆمەتر درێژە، بە تەواوبوونیشی بەشێکی زۆری کێشەکانی هاتووچۆی هەولێر چارەسەر دەبن.

لە تایبەتمەندییەکانی شەقامی 120 مەتری ئەوەیە؛ هیچ یوتێرنێک و پێچێکی تێدا نییە، هەموو پێچکردنەوە و لادانەکانیش لەسەر شەقامەکەوە، لەڕێگەی بەرزەپرد و پردی لادانەوە ئەنجامدەدرێن.