لە هەرێمی کوردستان ساڵانە 10 ملیۆن دۆلار لە بەخێوکردنی پشیلەدا خەرج دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
لە دوای کۆرۆنا، لە هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زۆر روویان لە بەخێوکردن یاخود راگرتنی ئاژەڵی ماڵی کردووە، بەتایبەت پشیلە. فرۆشیارانی ئاژەڵ دەڵێن: ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەخێوکردن و راگرتنی پشیلە 50٪ زیادیکردووە، هاوکات چەندین شوێنی فرۆشتنی ئاژەڵان کراونەتەوە.
بەپێی ئەو ئامارەی کە رووداو لە بازرگانانی هاوردەکردنی خۆراک و دەرمانی پشیلە دەستیکەوتووە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان، بایی نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار بۆ بەخێوکردنی پشیلە خەرج دەکرێت.
خەرجییەکان بۆ دەرمان و ڤاکسین، خواردنی وشک و تەڕ، خۆڵ و جوانکارییەکانە.
بەپێی ئەو ئامارەی دەست دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، عێراق لە شەش مانگی رابردوودا، تەنیا لە تورکیاوە بایی 7 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار خواردنی ئاژەڵی ماڵیی هاوردە کردووە. پێشبینی دەکرێت لە 2025 بڕەکە بگاتە 20 ملیۆن دۆلار.
ئالان کەریم، تەمەنی 24 ساڵە و خوێندکاری کۆلێژی پزیشکییە لە هەولێر، ئەو ئارەزوویەکی زۆری بۆ راگرتنی ئاژەڵ هەیە. لەوبارەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "من لە منداڵییەوە حەزم بە لە بەخێوکردنی ئاژەڵ بووە بە تایبەت پشیلە. چوار مانگە پشیلەم هەیە و جار هەبووە 16 پشیلەم پێکەوە بەخێوکردووە کە زۆربەیان خۆماڵی بوون، بەڵام ئێستا تەنیا هەشت دانەم ماوە".
ئالان دەڵێت: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین هاوڕێم روویان لە بەخێوکردنی پشیلە کردووە، هەندێک هاوڕێشم هەبوون کە رق و بێزیان لە پشیلە دەبووەوە، بەڵام ئێستا ئەوانیش حەزیان لە بەخێوکردنی پشیلەیە.
ئالان لەبارەی خەرجی پشیلەکانی دەڵێت: مانگانە 150-200 هەزار لە پشیلەکانم خەرج دەکەم و لە خشتە و جۆری خواردنەکان رامهێناون، چونکە پشیلە چۆن رایبهیێنی ئاوا پەروەردە دەبێت و پشیلەکان لە رووی خەرجی و پەروەردەوە جیاوازن.
سەرهەنگ عومەر، ئەندازیاری شارستانییە، بەڵام حەز و ئارەزوویەکی زۆری بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ هەیە، ئەو لەبری ئەندازیاری شوێنێکی فرۆشتنی ئاژەڵی کردەوە و ئێستا یەکێکە لە بەنێوبانگترین شوێنەکانی فرۆشتنی ئاژەڵ لە شاری هەولێر.
سەرهەنگ بە رووداوی گوت: "لە دوای کەرەنتینە، خەڵکێکی زۆر روویان لە کڕینی ئاژەڵ بە گشتی کرد، کە پشکی شێر بەر پشیلە کەوت، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا خواستێکی زۆری لە سەرە".
سەرهەنگ عومەر دەڵێت: "ئەوانەی سەردانمان دەکەن زۆرتر پشیلە دەکڕن، چونکە لە هەموو روویەکەوە ئاسانترە بۆ بەخێوکردن و جگە لە رووە ئاینییەکەش کە کاریگەری هەیە، چونکە لە ئیسلام دا رێگە پێدراوە".
ئەو فرۆشیارەی ئاژەڵان ئاماژە بە هۆکاری گرنگیدانی خەڵک بە ئاژەڵان دەدات و دەڵێت: "بەشی هەرە زۆری کڕیارەکانمان بۆ منداڵەکانیان دەکڕن و بێچووە پشیلە هەڵدەبژێرن، پێمان دەڵێن بۆ دوورخستنەوەی منداڵەکانیانە لە مۆبایل و ئایپاد و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان".
سەرهەنگ لەبارەی نرخەوە دەڵێت: لە بەخشینەوە هەمانە تاوەکو 2 هەزار دۆلار، ئەوەی خواستی لەسەرە زیاتر پشیلەی دەرەوەی وڵاتن، تایبەت رووسی، ئۆکراینی و ئینگلیزی، دوای ئەوانەش پشیلەی وانی باکووری کوردستانە.
د. توانا جەلال، پزیشکی ڤێتێرنەری بە رووداوی گوت: "پشیلە لەرووی زانستییەوە سوودی هەیە بۆ مرۆڤ، یەکێک لە سوودەکان ئەوەیە کە وزەی ئەرێنی دەبەخشێت و وزەی نەرێنی وەردەگرێت. بۆ نموونە: ئەو مرۆڤانەی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە سترێسن و یاخود دوودڵن ئەگەر پشیلە رابگرن، سوودێکی زۆری بۆیان دەبێت".
د. توانا دەڵێت: "من لە نۆرینگەکەی خۆم لە هەفتەیەکدا رەنگە نزیکەی 300 ئاژەڵ بهێنن بۆ لام، کە زۆربەی هەرە زۆریان پشیلەن و لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا، زیاتر لە 30 هەزار ڤاکسینم لە پشیلە داوە".
سامیە شبیب، خانمێکی ئاژەڵدۆستە و خۆبەخشانە خزمەتی پشیلە دەکات. ئەو دەڵێت: لە حەوت ساڵ دا زیاتر لە هەزار پشیلەم لەسەر خەرجی خۆم بەخێو کردووە، چ ئەو پشیلانەی فڕێدراون یان بێچوو بوون.
سامیە دەڵێت: "من وەک ئاژەڵدۆستێک و شارەزایەک لە پشیلە دەڵێم، ئەگەر بە شێوەیەکی جوان و تەندروست خزمەتی پشیلەی خۆمانە بکرێت جوانترین و زیرەکترینن".
ئەو ئاژەڵدۆستە دەشڵێت: "پشیلە ئاژەڵێکە حەز بە دۆستایەتی مرۆڤ دەکات و داوایان لێ دەکات نازیان هەڵبگرێت".
عەبدوڵڵا ئەحمەد، بازرگانی خۆراکی ئاژەڵانە و بە رووداوی گوت: لەم دواییە بازرگانەکان، بۆ خۆراکی ئاژەڵان روویان لە براندەکانی ئەڵمانی، هۆڵەندی و فەرەنسی کردووە لەکاتێکدا پێشتر بەشی هەرە زۆری تورکی بوون.
بۆچوونی ئەو بازرگانە لە سەر ئەو ئامارەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، کە ساڵانە نزیکەی 10 ملیۆن دۆلار خەرجی پشیلەیە، گوتی: "هاوڕام، چونکە رۆژ لە دوای رۆژ دۆستانی ئاژەڵ لە زیادبووندان".
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی پاراستنی ئاژەڵان (IFAW)، لە جیهان دا، نزیکەی 600 ملیۆن پشیلە هەن، نزیکەی 220 ملیۆن پشیلەی ماڵین و 480 ملیۆن پشیلەی بێلانەن.