دوای چوار رۆژ لە خنکانی تەرمی ئەو گەنجەی لە دەربەندی رانیە خنکا، دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای چوار رۆژ لە خنکانی، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی محەممەد عەلی، ئەو گەنجەی لە دەربەندی رانیە لە زێی بچووک خنکابوو، دۆزرایەوە.
 
عەلی قادر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ئەمڕۆ (سێشەممە، 8-8-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تەرمی محەممەد لەنزیک گوندی سەرچیان لە زێی بچووک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی راپەڕینەوە دۆزرایە."
 
لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، محەممەد دووەم کەس بوو لە سنووری ئیدارەی راپەرین بخنکێت، بەگوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین، "ئەوەش بە هەندێک هۆکاری وەک نەگونجاندنی هەندێک شوێن بۆ مەلەکردن."ـە
 
محەممەد عەلی کاژێر 02:30ـی دوانیوەڕۆی شەممە لە کاتی مەلەکردندا لە زێی بچووک لە دەربەندی رانیە خنکا. ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی لە رانیەوە چووبوونە دەربەند بۆ مەلەکردن، ئاوی بەخوڕ لەگەڵ خۆی بردی و چەند سەت مەترێک لەدووری شوێنی مەلەکردنەکە نقوم بوو و دیار نەمابوو.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بەهۆی ساردیی ئاوەکە و بوونی قوڕ و لیتە، نەیانتوانی تەرمەکە لەکاتی خۆیدا بدۆزنەوە.

 

رۆژی دووشەممە، 7ـی ئابی 2023 مەریوان ئەدهەم، بەرپرسی تیمی مەلەوانیی راپەڕین بە رووداوی گوت، "ئێران بەنداوی لەسەر ئاوەکە دروستکردووە و کاتێک بەری دەداتەوە، زۆرە. جگە لەوە، ئامێری چەو و لم زۆرن و کار دەکەن، ئەوەش وایکردووە ئاوەکە ببێتە قوڕاو و هیچ نەبینرێت."
 
لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا هەشت کەس لە ئاوی زێی بچووکدا خنکاون؛ شەش کەسیان لە سنووری قەزای دووکان و دوو کەسیان لە سنووری ئیدارەی راپەڕین.