چیرۆکی دژواری خێزانێکی هەژار لە سلێمانی؛ دوو منداڵی ئۆتیزمیان هەیە: بە چەقۆ لێم دەدەن


رووداو دیجیتاڵ

خێزانێک لە سلێمانی دوو منداڵیان تووشبووی ئۆتیزمن. ئەو خێزانە دانیشتووی گوندی مالوومەن لە سنووری قەزاى شارباژێڕ. ئارا و ئاکام، تەمەنیان 18 و 20 ساڵە، لە رۆژى لەدایکبوونیانەوە تووشبووی ئۆتیزمن. دایکی ئەو دوو منداڵە دەڵێت، "بە چەقۆ لێم دەدەن."
 
دایک و باوکى ئەو دوو منداڵە کەم دکتۆر و پسپۆڕی ئەو بوارە هەیە نەچووبنە لاى، بەڵام جگە لە دەرمان و دەرزی بۆ چارەسەرێکى کاتی، هێشتا هەردووکیان بوون بە بارێکى قورس و زەحمەت بەسەر خۆیان و ماڵەوەش. جەعفەر مستەفا، باوکى ئارا و ئاکام بە رووداوی گوت، "داوا لە سەرۆکى حکومەت دەکەم سەنتەرێک، شوێنێک بۆ ئەو دوو منداڵەم دابین بکات، من و دایکیان مانگانە سەریان لێدەدەین."
 
هەموو داواکاریى ئەو خێزانە دابینکردنى بڕێک پارەی مانگانەیە بۆ پێداویستیى ئارا و ئاکام. باوکیان پێشمەرگەیە لە گوێڕ، ئەو مووچەیەی وەری دەگرێت، هەر بەشى کرێى هاتووچۆ و رۆژانەکەى دەکات و، دەڵێت، بەهۆی نەبوونییەوە دوو ساڵە نەیتوانیوە دەرمان بۆ منداڵەکانی بکڕێت.
 
زەیتوون مستەفا، دایکى دوو منداڵەکە باس لەوە دەکات، "بە بەرد و بە دار لێم دەدەن، ئایپاد دەشکێنن، مۆبایلیان لێسەندووم، شەو تاوەکو بەیان ناوێرم بخەوم، پەلامارم دەدەن. چەقۆم لێ دەستدەداتێ، ئەو کوڕە گەورەیە نەبووایە، لەتی دەکردم. دەرگەم لەسەر دادەخەن و لە پەنجەرەکەوە رادەکەمە دەرەوە."
 
راپۆتى پزیشکان بۆ ئەو دوو تووشبووە، دەریدەخەن کە عەقڵ و مێشکیان بە قەد منداڵێکى 2 بۆ 3 ساڵان کار دەکات. رەنگە یەکێک لە کێشەکانی ئەو خێزانە ئەوەبێت کە گوندنشینن و دوورن لە سەنتەر و فەرمانگەیەکى تایبەتمەند.
 
ئیدریس مستەفا، پێشمەرگە و هاوڕێی باوکى دوو منداڵەکە ئاماژە بەوە دەکات، "داوا لە وەزارەتى پێشمەرگە و سوپاى رزگارى دەکەم کە وابکەن باوکى ئەو دوو نەخۆشە دەوام نەکات و کاتەکانى بۆ چاودێریى منداڵەکانى تەرخان بکات. بەڕاستی ژیانی ئەمان زۆر سەختە."
 
بەپێى مەرجەکانى وەزارەتى کار، تەنیا ئەو منداڵانە وەردەگیرێن بۆ راهێنان و چارەسەر کە تەمەنیان لەنێوان سێ بۆ 12 ساڵیدایە.