ئۆتۆمبێلێک لە شنگال کرایە ئامانج
رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە نزیک شنگال کرایە ئامانج. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدا بووە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی شنگال ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نزیک بازگەیەک لەنێوان شنگال و تل قەسەب ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی فڕۆکەوە کرایە ئامانج. دوو کەس لە ئۆتۆمبێلەکە هێندرانە خوارەوە کە بریندار بوون."
ئەو هاونیشتمانییە بە رووداوی گوت، لە کاتی بۆردوومانەکەدا خۆی لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە.
هەروەها حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە سنووری شنگال بە رووداوی گوت "ئۆتۆمبێلەکە تایبەت بووە بە یەبەشەی سەر بە پەکەکە و دوو پیاو و ژنێکی تێدا بووە."
حەیدەر شەشۆ گوتی، بەگوێرەی بەدواداچوونی ئەوان، دوو پیاوەکە بریندار بوون و رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی موسڵ کراون؛ گوتیشی "ژنەکەش کە خەڵکی ناوچەکە نییە، بە سەلامەتی رزگاری بووە."
فەرماندەی هێزی ئاسایشی ئێزدخان باسی لەوەشکرد، کاتێک ئۆتۆمبێلەکە کراوەتە ئامانج تووشی رووداوی هاتووچۆش بووە و لە ئۆتۆمبێلکی دیکەی داوە.
ئەنجامدەری بۆردوومانەکە ئاشکرا نەبووە، بەڵام لە رابردوودا چەند بۆردوومانێکی هاوشێوە هەبوون و سوپای تورکیا هەندێکیانی لە ئەستۆ گرتووە.