لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە چەمچەماڵ کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکە بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆودا لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ ئەمڕۆ (دووشەممە، 8-7-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە رێگەی کەرکووک – چەمچەماڵ و نزیک مۆنیومێنتی ئەنفال، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا لاندکرۆزەر شەش کەس بریندار بوون".
رووداوەکەی دیکەش درەنگی شەوی رابردوو روویداوە و ئۆتۆمبێلێک لە هەمان جۆر لەسەر رێگەی ناحیەی ئاخجەلەر – گۆپتەپە وەرگەڕاوە. بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، لەو رووداوەدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.