سەرۆک بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربان: هیوادارم برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لە وڵاتەكەمان فراوانتر ببێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، "هیوادارم برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لە وڵاتەكەمان فراوانتر ببێت."
ئەمڕۆ هەینی 08-07-2022، لەو پەیامە پیرۆزباییەیدا کە بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە بڵاویکردەوە، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان کرد و، دەڵێت: "پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم."
سەرۆک مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاند: "لەم بۆنە پیرۆزەدا لە خودای مەزن داواكارم خێر و بەرەكەت و سەلامەتی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان بەدی بهێنێت."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "هیوادارم برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیان لە وڵاتەكەمان فراوانتر ببێت و، ئەو جەژنە پیرۆزە ببێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و هەموو جیهاندا."