سەندیکای پارێزەران: هەندێک کەس کە پارێزەر نین بریکارنامەیان بۆ خەڵک کردووە
رووداو - هەولێر
سەندیکاری پارێزەرانی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا بریکارنامە بۆ کەسانێک کراوە کە پارێزەر نین و هەندێک کەسیش خۆیان کردووە بە پارێزەر، بۆ رێگەگرتن لەو کارانە داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگە دادییەکان دەکات ئاگاداری سەرجەم فەرمانگەکانی دادنووسی بکەن لە کاتی نووسینی بریکارنامە بۆ پارێزەران، داوای کۆپی ناسنامەی پارێزەرایەتییان لێبکەن.
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لەڕێگەی نووسراوێکەوە کە ئاراستەی وەزارەتی داد/بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگە دادییەکانی کردووە، داوایەکیان لێدەکات کە پەیوەندەیی بە پارێزەرانەوە هەیە. لە نووسراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بریکارنامە بۆ کەسانێک کراوە، کە پارێزەر نین، یاخو کەسانێک کە سیفەتێکیان داوەتە پاڵ خۆیان لە بری کەسی دیکە بریکارنامەیان کردووە و دواتر بە هۆیەوە پارێزەران تووشی کێشە بوون".
سەندیکاکە داوا دەکات بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو رووداوانە ئاگاداری سەرجەم فەرمانگەکانی دادنووسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەیان بکەنەوە کە لە کاتی نووسینی دەقی بریکارنامە بۆ پارێزەران داوای وێنەیەکی کۆپی ناسنامەی پارێزەرایەتی لە بریکاردارەکە بکرێت و لە نێو بریکارنامەکەش ئاماژە بە ژمارەی پەڕوەندی پارێزەرایەتی پارێزەرەکە بکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە ئەو کەسە پارێزەرە.
سەبارەت بەو رێوشوێنە، پارێزەرى راوێژکار غازى حەمید عەلى، سەرۆکى ژووری پارێزەرانی دەشتی هەولێر لە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە، 7-7-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە لە ماوەی رابردوودا تووشی کۆمەڵێک کێشە بووین بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک کەس کە پارێزەر نین چوونەتە فەرمانگەکان و بریکارنامەیان کردووە، ئەو کەسانە لە بەشێک لە فەرمانگەکان ئەو کارانەیان کردووە، ئێستا سەندیکای پارێزەران بەم هەنگاوە دەیەوێت رێگری لەو کارە دزێوانە بکرێت."
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش دا، بەشێک لەوانەی خۆیان کردووەتە پارێزەر، ئەوانەن کە لەناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوون، پێشتر بەشێکیان دوورخرانەوە، بەڵام هێشتا بەشێکیان ماون، بۆیە ئێمە داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە بایۆمەتری پارێزەران بکرێت بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت خراپە پیشەی پارێزەرایەتی بقۆزێتەوە."
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان رێکخراوێکی پیشەییە، لە ساڵی 1993 دامەزراوە، نزیکەی 13 هەزار ئەندامی هەیە، پێنج لقی لە هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجەدا هەیە. نزیکەی نیوەی ئەندامەکانی لە هەولێرن. سلێمانی لە پلەی دووەمدایە، دواتر کەرکووک، دهۆک و هەڵەبجە دێن.