گۆشتفرۆشێک لە هەولێر: بەهۆی قوربانییەوە کیلۆیەک ئاژەڵ 1500 دینار بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گۆشتفرۆشێک لە هەولێر دەڵێت، بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە کیلۆیەک ئاژەڵی زیندوو 1500 دینار گران بووە. بازرگانێکی ئاژەڵ لە سلێمانی دەڵێت، ئاژەڵ لە شارەکە گران نەبووە و فرۆشیشیان زۆر دابەزیوە.
16ی ئەم مانگە جەژنی قوربانە، کە هاوکاتە لەگەڵ قوربانیکردن لەلایەن حاجییان و هاونیشتمانیانەوە. ساڵانە لەم جەژنەدا لە هەرێمی کوردستان هەزاران سەر ئاژەڵ دەکرێنە قوربانی.
ئەمڕۆ شەممە 08-06-2024 ئەیاد محەممەد، گۆشتفرۆش لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر کیلۆیەک ئاژەڵی وەکو مەڕ و بزن بە زیندە قەپان لە مەیدانی ئاژەڵان 7000 دینار بوو، ئێستا بووە بە 8500 دینار، ئەویش تەنیا بەهۆی هاتنی جەژنی قوربان و قوربانیکردنەوەیە."
ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لە 18 بۆ 23 هەزار دینارە، هەروەها نەرمەی گوێرەکە کیلۆی بە 18 هەزار دینارە.
محەممەد قادر، بازرگانی ئاژەڵ لە شاری سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ نرخی ئاژەڵی زیندوو لە جۆری کاوڕ 7500 دینارە و بەرانیش، کە هەردووکیان بۆ قوربانیی دەبن، کیلۆی بە 8500 دینارە؛ هەروەها جوانەگاش کیلۆی لە 7000 بۆ 8250 دینارە."
ئەو بازرگانەی ئاژەڵ ئاماژەی بەوەش کرد، بازاڕیان خراپە و فرۆشیان کەمە، "ئەگەر مانگی رابردوو شەش ملیۆن دینار فرۆشمان بووبێت، ئێستا بووەتە یەک ملیۆن."
ئەو بازرگانی ئاژەڵە لە سلێمانی دەڵێت، "ئاژەڵی قوربانی مەرج و تایبەتمەندیی زۆری هەیە، بۆیە نرخی زیاترە لەوانی دیکە، ئەگەرنا نرخ بەرز نەبووەتەوە لە سلێمانی و وەکو پێشتر وایە."
محەممەد قادر ئاماژەی بەوەش کرد، نرخی گۆشت بەگوێرەی دووکان و شوێنی دووکانەکان جیایە و گوتی، "من کیلۆیەک گۆشتی بەرخ دەدەمە 18 هەزار دینار و نەرمەی گوێرەکەش هەر بەو پارەیە و بە کۆش 17 هەزار دینارە، بەڵام هەر لە سلێمانی گۆشتفرۆش هەیە کیلۆیەک دەداتە 24 هەزار دینار، ئەمەش نەبوونی چاودێرییە و هیچی دیکە."