هەورەبرووسکە 44 دۆنم گەنمی جووتیارانی ئاکرێ و بەردەڕەش دەسووتێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەورەبرووسکەوە لە سنووری هەردوو قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش، 44 دۆنم گەنمی جووتیارانی سنوورەکە سووتان، تەنیا جووتیارێکی دانیشتووی گوندی کوشكێ لە ئاکرێ، 30 دۆنم زەویی سووتاوە، ئەو زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، هەموو ئەو زەوییانەی کە بەوهۆیەوە سووتان، بەگەنم چێنرابوون.
سەباح تاهیر کە بەهۆی هەورەبرووسکەوە 30 دۆنم زەویی سووتاوە بە رووداوی گوت، "ئەم زەوییەم باش ئاودابوو و خەرجییەکی زۆرم لێی کردبوو، تاوەکو ئێستا سێ ملیۆن دینار پارەی کارەبام بۆ گەڕاوەتەوە بەهۆی ئاودانی دەخڵودان، زۆر کەس دەیانگوت بۆ هێندە ئەو گەنمە ئاودەدەی، من دەمگوت تاوەکو حکومەت هەبێت بەرهەمەکانم هەر دەدەم بە حکومەت، بۆیە ئەگەر حکومەت نەبا من زووتر دەمدوورییەوە، بەڵام گوتم هەر دەیدەمە حکومەت."
هەر ئەو هەورەبرووسکەیە بووە هۆی لەکارخستنی کارەبای سەرەکیی پرۆژەی ئاوی ئاکرێ لە ناحیەی گردەسێن لەگەڵ کارەبای 20 بیری ئاوی دیکە لە سنوورەکە، زیانەکانی بەنزیکەی 120 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت. تاوەکو ئێستا 70٪ـی پرۆژەی گردەسێن چارەسەر کراوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئاکرێ لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەدان.
زرار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ئاکرێ باسی لەوە کرد، "توانیومانە کێشەی 11 گەڕەک چارەسەر بکەین، بەڵام تەنیا گۆڕانکاری لە کاتی دابەشکردنی ئاودا کراوە، بۆنموونە ئەوانەی بەیانیان ئاویان بۆ دەچوو، ئێستا ئێواران ئاویان بۆ دەچێت. نزیکەی 20 گوند ماوە کە ئێستا تیمەکانمان بە شەو و رۆژ لە کاردان بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکەن."
شەوی 6ـی ئەم مانگە لە هەشت گوندی ئاکرێ و بەردەڕەش بەهۆی هەورەبرووسکەوە ئاگر بەربووە گەنمی بەشێک لە جووتیارانی سنوورەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیان لە چوار گوند پێش بە ئاگرەکە بگرن و نەهێڵن زیانەکان زیاتر بێت، بەڵام لە چوار گوندی دیکە ئاگر لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و بەهۆیەوە زیانی زۆری لێکەوتەوە.