لە گەرمیان 12 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە گەرمیان 12 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران و ھەموو تووشبووەکانیش بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە 08-06-202 بڵاویکردووەتەوە، ئەو 12 کەسەی تووشی کۆرۆنا بوون لە نۆ پیاو، دوو ئافرەت و کچێکی گەنج پێکهاتوون، ھەموو تووشبووەکانیش بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون. 
 
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 1322 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 458 کەس چاکبوونەتەوە و 26 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. 
 
شەوی رابردووش لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 50 تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانی چاکبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی تەندروستیی راینگەیاندووە. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
 
دەرەنجامی نوێ ...
 
لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای تووشبووان، دوازدە تووشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە دەڤەری گەرمیان دەستنیشانکران، نۆ پیاو و دوو ئافرەت و کچێکی گەنج، ھەموو تووشبووەکان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون، 
 
یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای کفری/ کوڵەجۆلە،
چوار تووشبوو دانیشتووی قەزای کفری/ گەڕەکی نەورۆز،
سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی شەھیدان،
یەك تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی ڕاپەڕین،
سێ تووشبوو دانیشتووی قەزای کەلار/ گەڕەکی بنگرد،
 
 
وەزارەتی تەندروستی
 ٨ حوزەیران ٢٠٢٠