رووداو دیجیتاڵ
بەنداوی دەربەندیخان وێڕای بەردانەوەی ئاوەکەی لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەمڕۆ دوای هەشت ساڵ جارێکی دیکە سەرڕێژ بوو. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "بەهۆی زۆربوونی ئاوی بەنداوەکەوە ژمارەیەک کەپری گەشتیاری ژێرئاو کەوتوون."
بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند، دوای هەشت ساڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی ئایاری 2024 جارێکی دیکە بەنداوەکە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی کۆکراوەی تێپەڕاند و سەرڕێژ بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "ئەوەی ئەم سەرڕێژبوونەی ئەمجارە لە رابردوو جیادەکاتەوە خۆڕاگری و رادەستنەبوونیەتی بە داڕووخان لەبەرامبەر بوومەلەرزەی ساڵی 2017، کە گوڕەکەی 7.3 پلەی رێختەر بوو و زیانێکی گەورەی بە لەشی بەنداوەکە گەیاند."
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، بەهۆی بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکەوە، جگە لە ژێرئاوکەوتنی چەند کەپرێکی گەشتیاری لە سنوورەکە، هیچ زیانێکی دیکەیان تۆمار نەکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، بەنداوی دەربەندیخان دوای 63 ساڵ تەمەن، دەتوانێت بەرگەی لافاو و بوومەلەرزە بگرێت.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
لە هەرێمی کوردستان بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، دوای بەنداوی دەربەندیخان بەنداوی دهۆک هەیە کە توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
جگە لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان، چەندین بەنداو و گۆماوی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ