مامۆستایەکی زانکۆی دهۆک جۆرێکی نوێی گەنم و گەنمەشامی بەرهەم دەهێنێت
رووداو - دهۆک
مامۆستایەکی زانکۆی دهۆک جۆرێکی نوێی گەنم بەرهەم دەهێنێت کە درێژیی گوڵەکەی دەگاتە 25 سانتیمەتر؛ جگە لەوەش پەرەی بە جۆرێکی نوێی گەنمەشامی داوە.
د. محەممەد عەلی، خەڵکی بەغدایە و لە ساڵی 2004ەوە لە زانکۆی دهۆک مامۆستایە، بەبێ ئەوەی دەستکاریی جیناتی گەنم بکرێت، توانیویەتی چەند جۆرێکی باشی نێر و مێ تێکەڵ بکات و جۆرێکی نوێی گەنمی لێ بەرهەم بهێنێت؛ پلانیشی هەیە لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق جۆرە نوێیەکە تۆمار بکات.
د. محەممەد عەلی، مامۆستای زانکۆی دهۆک لەو بارەیەوە دەڵێت، "بەڕاستی کاتێک لە بەردەڕەش سەردانی زەویی یەکێک لە جووتیارانمان کرد، هەندێک گیا گەنمی نوێمان بەدیکرد، توانیمان کۆیبکەینەوە و دواتر چەند تاقیکردنەوەیەکمان لەسەری کرد بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە کە ئەمە بە هۆکاری ژینگەییەوە رووینەداوە، بەڵکو هۆکاری بۆماوەیی هەیە. لە ئەنجامی هەڵبژاردنی جۆرەکانی بۆ ماوەی چوار ساڵ، دەرکەوت ئەمە لە ئەنجامی تایبەتمەندییەکی بۆماوەیی روویداوە."
هەمان مامۆستا جۆرێکی نوێی گەنمەشامیی بەهارەی بەرهەمهێناوە و لەسەر زەویی وەبەرهێنەرێکی کشتوکاڵی لە گوندی زیناڤای سەر بە قەزای شێخان چاندوویەتی. بۆ ماوەی دوو ساڵە جۆرە نوێیەکەی گەنمەشامی دەچێنێت و لە هەر دۆنمێکدا نزیکەی چوار تۆنی گەنمەشامی بەرهەم دەهێنێت. ساڵی رابردوو لەسەر رووبەری 60 دۆنم و ئەمساڵیش لەسەر رووبەری 120 دۆنم گەنمەشامیی چاندووە.
فەهەد حاجی، وەبەرهێنەرێکی کشتوکاڵییە و لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، "مەبەستمان ئەوە بوو، یەکەم، وەرزێکی دیکە بۆ چاندن زیاد بکەین. دووەمیش، بە رێگەیەکی زانستی کار بکەین. ئێمە جۆرێکی نوێمان هێنا و پار چاندمان و بەرهەمەکەی باش بوو، بۆ هەر دۆنمێک نزیکەی چوار تۆن بەرهەمی هەبوو."
تۆڕی میدیایی رووداو چووە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک و بەڕێوەبەری گشتی و ستافەکەی بردە نێو زەوی گەنم و گەنمەشامییەکە و رێگە نوێیەکانی کشتوکاڵکردن بۆیان روونکرانەوە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، "ئەمە ئەو شتەیە کە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات؛ کەرتی تایبەت لەگەڵ سەرمایە و زانست توانیویەتی جۆرێکی نوێی گەنم، گەنمەشامی و نۆک بەرهەم بهێنێت. لێرە هەنگاوێکی دروست بۆ گۆڕینی کشتوکاڵی نەریتی ئەنجام دەدرێت."
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی دهۆک، لەسنووری پارێزگاکە نزیکەی 20 جۆری گەنم و گەنمەشامی بەرهەم دەهێندرێن و پێشبینی دەکرێت دوو جۆرە نوێیەکەی گەنم و گەنمەشامیش لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پەسند بکرێن و بەوەش بە رێژەی 25% بەرهەمی گەنم و گەنمەشامیی پارێزگای دهۆک زیاد دەبێت.