پارتی و یەکێتی شەڕی راگەیاندن دژی یەکدی رادەگرن


رووداو دیجیتاڵ 

دوای سەردانی شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاریانداوە کە شەڕی راگەیاندن دژی یەکدی رابگرن. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەستاندنی شەڕی راگەیاندن لەلایەن پارتی و یەکێتی بەو مەبەستەیە کە رێگەخۆش بکەن تاوەکو جارێکی دیکە کۆبوونەوەکان لەنێوان هەردوولادا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن دەستپێبکاتەوە. 
 
بڕیاربوو رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەیی، بوونە هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردن. 
 
جارێکی دیکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ـی وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. بەڵام بەرلەوەی هەڵبژاردن بکرێت، یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەموارکردنەوەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنیش بە کاراکردنەوەیە. 
 
پێشتر ناکۆکیی زۆر لەنێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەبوو، بەڵام دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن و دیارترین خاڵی ناکۆکییان کە مابێتەوە شێوازی دەنگدانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە. لەکاتێکدا هەردوولایان جەخت لە گرنگی بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەنەوە. 
 
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژی چوارشەممە 03-05-2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەیاندا سەرۆک بارزانی و باربارا لیف جەختیان لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان کردووەتەوە. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئەمریکا لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان "هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان." 
 
"دووپاتمان کردەوە کە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ پێشکێشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی"، مەسرور بارزانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیفدا وایگوتووە.  
 
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیف پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی، "ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش تەنانەت بە بەشداریی نوێنەرانی هاوپەیمانەکانمان پێکبهێنین." 
 
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن، رۆژی 5ـی نیسان بەڕێوەچوو و تێیدا شاندی یونامی بەشداریکرد و بڕیاریدا پێشنیازی خۆی لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بداتە یەکێتی و پارتی.