قایمقامی هەولێر بۆ رووداو: ئاگری بازاڕی لەنگە کۆنترۆڵکرا
رووداو دیجیتاڵ
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەنێو بازاڕی لەنگەوە بە رووداوی رایگەیاند "ئاگری بازاڕەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کرا."
بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 8-4-2024) ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە، بەپێی بەرگریی شارستانیی هەولێر زیانی لە دووکانەکانی نزیکەی پێنج فەرعی بازاڕەکە داوە.
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر هەروەها دەڵێ "ئاگرەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگە بە دوو قۆناخ کەوتووەتەوە؛ کاژێر 06:45ـی بەیانی لەلایەن ئەنجوومەنی ئێرەوە پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی ئێمەوە کراوە. تیمەکانمان هاتوون و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و گەڕاونەتەوە، بەڵام دوای کاژێرێک و 4 خولەک واتە لە 07:47 پەیوەندی کراوەتەوە کە لە هەمان بازاڕ ئاگرێکی گەورە هەیە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە."
کەوتنەوەی ئەو ئاگرە لەکاتێکدایە؛ پێش 41 رۆژ ئاگرێکی دیکەی گەورە لە هەمان بازاڕ و نزیک هەمان شوێنی ئەمڕۆ کەوتەوە، کە بووە هۆی سووتانی نزیکەی 200 دووکانی بازاڕەکە.
تائێستا هۆکاری دروستبوون و قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەی ئەمڕۆ نەزانراوە، بەڵام چەند هاونیشتمانییەک کە قسەیان بۆ رووداو کرد، دەڵێن کەوتنەوەی ئاگرێکی وا گەورە، دووبارە لە هەمان شوێنی رابردوو، گومانی دروستکردووە لەوەی بە دەستی ئەنقەست بووبێت.
ئاگرەکە لەکاتێکدایە لە کۆتایی رۆژەکانی مانگی رەمەزانداین و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، بۆیە دووکانداران کاڵای زۆریان هێناوە بۆ فرۆشتن.
بازاڕی لەنگە یەکێکە لە بازاڕە میلی و هەرە قەرەباڵخەکانی شاری هەولێر، کە بەوە دەناسرێت کاڵاکانی بەراورد بە شوێنەکانی دیکە هەرزانن.