بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگە بە دوو قۆناخ بووە
رووداو دیجیتاڵ
کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، ئاگرەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگە بە دوو قۆناخ کەوتووەتەوە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بازاڕی لەنگەی هەولێر گوتی، "کاژێر 06:45ـی بەیانی لەلایەن ئەنجوومەنی ئێرەوە پەیوەندی بە ژووری کۆنترۆڵی ئێمەوە کراوە. تیمەکانمان هاتوون و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و گەڕاونەتەوە، بەڵام دوای کاژێرێک و 4 خولەک واتە لە 07:47 پەیوەندی کراوەتەوە کە لە هەمان بازاڕ ئاگرێکی گەورە هەیە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە".
کاروان میراودەلی گوتیشی، "بانگی سەرجەم تیمەکانمان کردووە و ئێستا سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەین".
کاروان میراودەلی سەبارەت بە زیانەکانی ئاگرەکە گوتی، "زیانەکە تائێستا نازانرێت، بەڵام ئاگرەکە بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، 25 خولەکی دیکە کۆنترۆڵ دەکرێت".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، جاری یەکەم سێ تیمیان بۆ کۆنتروڵکردنی ئاگرەکە ناردووە و دواتر بوونەتە 10 تیم و لە کاتی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکەش، کراونەتە 17 تیم؛ گوتیشی، ''ئێستا تەنیا بازنەیەکی بچووک لە ئاگرەکە ماوە و هەوڵدەدرێت لە کاتێکی کەمدا کۆنترۆڵ بکرێت و بگەینە قۆناخی ساردکردنەوە.''
وەک کاروان میراودەلی ئاماژەی دا، ئێستا 85٪ـی مەترسییەکانی ئاگرەکە کەمکراونەتەوە، ''بەڵام تاوەکو ئێستا روون نییە زیانی گیانی هەبووە یان نا؛ بۆیە دوای قۆناخی ساردکردنەوە، راپۆرتی کۆتاییمان لەسەر رووداوەکە دەبێت.''
نەوەک تەنیا تیمەکانی بەرگریی شارستانی، بەڵکو هێزەکانی پۆلیس و خەڵکی ئاساییش هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن. بەگوتەی پەیامنێری رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50 دووکان سووتاون.
کەوتنەوەی ئەو ئاگرە لەکاتێکدایە؛ پێش 41 رۆژ ئاگرێکی دیکەی گەورە لە هەمان بازاڕ و نزیک هەمان شوێنی ئەمڕۆ کەوتەوە، کە بووە هۆی سووتانی نزیکەی 200 دووکانی بازاڕەکە.