نرخی بەنزین و گاز لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

رووداو - هەولێر
 
دوای واژۆکردنی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەرێمی کوردستان دابەزی. لە هەولێر کەمترین نرخی بەنزینی نۆرماڵ لیتری 720 دینارە، لە سلێمانی 925 دینارە، لە دهۆک 820 دینار و لە هەڵەبجەش 875 دینارە. هەروەها نرخی لیترێک گازی شل لە هەولێر بۆ 475 دینار و لە سلێمانی بۆ 550 دینار دابەزیوە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر دەڵێت، نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان جیاوازی هەیە و ئەویش بە هۆکاری هەبوونی سەرچاوەی جیاوازیی بەنزینەکەوەیە. گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، نرخی گازی شل دابەزیوە و بەنزینیش بەراورد بە رابردوو دابەزیوە. سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکیش دەڵێ، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ 100 دینار دابەزیوە؛ خاوەنی بەنزینخانەیەکی هەڵەبجەش گوتی، بەنزینی زۆر هەیە و بەهۆی رێککەوتنی هەولێر و بەغداوە دەنگۆی دابەزینی نرخ هەیە و ئەویش نرخی دابەزاندووە.
 
لە هەولێر لیترێک بەنزین 720 دینارە و گازی شلیش لیتر 475 دینارە
 
لە هەولێر نرخی بەنزین جیاوازە و نۆرماڵ لە 720 دینارەوە هەیە تاوەکو دەگاتە 950 دینار. ئەمڕۆ شەممە 8ـی نیسانی 2023، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەواویی سووتەمەنییەکان لە هەولێر نرخیان دابەزیوە؛ بەنزین، گازوایل و گازی شل".
 
لە هەولێر نرخی گازی شل لیتری دابەزیوە بۆ 475 دینار، لەکاتێکدا سەرەتای مانگی رابردوو لیتری نزیکەی 700 دینار بوو. هەروەها لیتری بەنزینی موحەسەن لەنێوان هەزار و 100 دینار بۆ هەزار و 200 دینارە؛ نرخی لیتری بەنزینی سوپەریش بە زیاتر لە هەزار و 300 دینار دەفرۆشرێت.
 
لەبارەی جیاوازی نرخەوە، قایمقامی هەولێر گوتی، سەرچاوەی بەنزینەکان جیاوازە، ئەگەر هەر بەنزینخانەیەک بەنزینێک کوالیتیی خراپ بێت، ئەوان دایدەخەن و لە رابردوودا چەندین بەنزینخانەیان داخستووە؛ گوتیشی: "رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، رۆیشتن بەرەو وەرزی هاوین، هاتنی بڕە بەنزینێک لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە لیتری 690 دینارە، هۆکارەکانی دابەزینی نرخی بەنزینن".
 
دابەزینی نرخی بەنزین لە سلێمانی 
 
لە سلێمانیش نرخ بەراورد بە رابردوو دابەزیوە، بەڵام بەرزترە لە هەولێر. بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سلێمانی بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو کە نرخی لیترێک نۆرماڵ 975 دینار بوو 50 دینار دابەزیوە و ئێستا 925 دینارە؛ گوتیشی: "بەراورد بە 10 مانگی رابردوو کە نرخی لیترێک گەیشتە هەزار و 375 دینار، هەر لیترێک 450 دینار نرخی دابەزیوە".
 
لە سلێمانی نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر هەزار و 275 دینار و لیترێک موحەسەنیش هەزار و 125 دینارە. بەهمەن شێخ قادر گوتیشی: "نرخی گازی شلیش دابەزیوە و ئێستا لە سلێمانی لیتری بە 550 دینارە".
 
لە دهۆک لیترێک بەنزین 100 دینار دابەزیوە
 
لە دهۆکێش بەراورد بە رۆژانی رابردوو نرخی بەنزینی نۆرماڵ دابەزیوە. عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی روداوی گوت، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەندێک لە بەنزینخانەکان بۆ 820 دینار دابەزیوە، ئەوەش بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو نزیکەی 100 دینار دابەزیوە.
 
تێلی ئاماژەی بەوەشکرد، لیتری گازی شل بۆ نزیکەی 475 دینار دابەزیوە و گوتیشی: "بەنزینەکانی دیکە کە زۆرینەیان لە دەرەوە دێن نرخیان دابەزیوە بەڵام زۆر کەم؛ هۆکارێکی دابەزینی نرخی نۆرماڵ رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدایە".
 
لیترێک بەنزین لە هەڵەبجە 50 دینار دابەزیوە
 
هەروەها ئیسماعیل سەعید، خاوەنی بەنزینخانە لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی بەنزین لە هەڵەبجەش دابەزیوە و گوتیشی: "من پێش رێککەوتنی بەغدا و هەولێر بەنزینم کڕیوە و ئێستاش ماوە. هەموو لایەک دەڵێن بەنزین لێرەش وەک عێراق دادەبەزێت. بۆ ئەوەی بەنزینەکە ساخبکەینەوە نرخمان دابەزاندووە و لیترێک نۆرماڵ دەدەمە 875 دینار، لەکاتێکدا هەفتەی پێشتر 925 دینار بوو".
 
ئیسماعیل سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، هەبوونی بەنزینی 690 دیناریش لە بازاڕدا هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەزینی بەهای بەنزین.
 
لە هەرێمی کوردستان جگە لە بەنزینی بازرگانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕ و نرخی جیاواز بەنزین دەداتە بەنزینخانەکان و لیتریان بە 690 دینار بۆ تەکسی و 800 دینارە بۆ هەموو ئۆتۆمبێلێک؛ هەروەها حکومەتی عێراقیش رۆژانە بڕێک بەنزینی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت کە لیتری 690 دینارە.