بەوێنە و ڤیدیۆ؛ شەش ورچ لە ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد - سەكران ئازادكران
رووداو- چۆمان
رۆژی شەممە 8-4-2017، لەنێوان چیای کۆدۆ و حەسارێ سەکران لە دەڤەری باڵەكایەتی، كە نێوجەرگەی ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد - سەكرانە، شەش ورچ ئازادكران.
ورچەكان لەنێو پارك و گازینۆكان لە ناوچە جیاوازەكانی باشووری كوردستان بەخێودەكران، بەڵام بۆ خزمەتگەیاندن بە ناشناڵ پاركەكە، بەهاوکاریی رێکخراوی رێکخستنی هاوکاریی کوردی - ئەمەریکی (kurdish american cooparation oeganization) بە باوەشی سرووشت ئاشتكرانەوە.
ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد – سەكران، دامەزراوەیەكی سەربەخۆی نیشتمانی، ژینگەپارێزی، كولتووری، ئابووری، كۆمەڵایەتی و گەشتیارییە. ئەو پاركە دەكەوێتە سنووری قەزای چۆمان و بەدووری 160 كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر هەڵكەوتووە.
لە سەرەتای ساڵی 2004 ەوە وەكو بیرۆكە هاتەئاراوە و لەوەش بەدواوە كاری لەسەر دەكرێ. رۆژی 14ی ئەیلوولی 2010 بەپاڵپشتی و هاوكاری ئەنیستیتیوتی نەمسایی بۆ تەكنۆلۆژیای ژینگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستی جێبەجێكردنی واژۆكراوە. رووبەری ئەو پاركە 1100 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەكەوێتە سێگۆشەی باكوور، باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان.
پاركەكە ساڵی 2014 لەلایەن ماڵپەڕی CNN لە ریزبەندی 19-یەمین پاركە نیشتمانییە خۆشەكانی جیهان دانرا. پاركی نیشتمانی كە رووبەری فراوانی زەوی دەگرێتەوە و بە سرووشتی و بەبێ دەستكاری دەهێڵدرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1872 دروستكرا و دواتر وڵاتانی دیكەی جیهانیش بە كوردستانیشەوە پاركی نیشتمانیان دروستكرد.