لە سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان پشووی خوێندن راگەیێندرا

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بارانبارینی بەردەوام و ئەگەری دروستبوونی لافاو رایانگەیاند، سبەی پێنجشەممە لە ناوەندکانی خوێندن پشووی فەرمییە. ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و مەترسیی دروستبوونی لافاوەوە هەمان بڕیاری دا.
 
لە بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 08-03-2023ـەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "بۆ سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی سلێمانی، سبەینێ پێنجشەممە لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی پشووی فەرمییە."
 
هاوکات ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە پشتبەستن بە پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارین و مەترسییەکانی لافاو، سبەینێ پێنجشەممە 09-03-20223، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری ئیدارەی گەرمیان پشوو دەبێت.
 
هاوکات پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند، "لەسەر داوا و راسپاردەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانمان، بریاردرا بە راگرتنی دەوامی سبەی رۆژی پێنجشەممە بەرواری 09-03-2023، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان."