وردەکاریی گیانلەدەستدانی 4 ئەندامی خێزانێک بە رووداوی هاتووچۆ؛ تیژڕۆیی شایی لێکردن بە شین

رووداو دیجیتڵ 
 
چوار ئەندامی خێزانێک، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە، بە رووداوی هاتووچۆ لەسەر رێگای نێوان دەربەندیخان سلێمانی گیانیان لەدەستدا. 
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە پێکدێن لە دوو خوشک و برایەک لەگەڵ منداڵی یەکێک لە ژنەکان. "تیژڕۆیی شایی لێکردوون بە شین"، چونکە ئەو خێزانە بۆ ئاهەنگی بووک گواستەوەی دراوسێکەیان لە هەڵەبجەی تازە چووبوونە گوندی چنارە لەسەر رێگەی دەربەندیخان.
 
سەروەت ئەحمەد، کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێ "بۆ ئاهەنگی بووک گواستنەوە هاتبوونە گوندی چنارە، بەڵام بەداخەوە لەکاتی گەڕانەوەیان چوار ئازیزمان لەدەستدا".
 
قوربانییەکان ئەمانەن: شنۆ خەلیل، تەمەن 29 ساڵ و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە، کارین هاوڕێ، تەمەن 10 ساڵ و کچی شنۆ، کوردە خەلیل و سەرخێڵ خەلیل، خوشک و برای شنۆ.
 
دوای گەڕانەوەیان لە ئاهەنگی کچە دراوسێکەیان، بەگوتەی هاتووچۆی دەربەندیخان "لەنزیک گوندی سیارە بەخێرایی خۆیان بە بەربەستی ئاسنینی قەراخی شەقامەکەدا کێشاوە، بەجۆرێک ئاسنەکە 20 مەتر لە شوێنی خۆی دوورکەوتووەتەوە".
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان دەڵێ "بەپێی لێکۆڵینەوەکان، رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆیی بووە. ئەوان دوای گەڕانەوەیان لە ئاهەنگەکە بەتەنیا گەڕاونەتەوە، ئیدی تووشی ئەو رووداوە بوون".
 
جگە لەو چوار کەسە، کچێکی دیکەی شنۆ خەلیل بەناوی بارین هاوڕێ، کە تەمەنی شەش ساڵە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوو و بە برینداری رزگاری بوو.
 
گرووپێک لە ژن و پیاوانی خۆبەخشی دەربەندیخان وەکو هاوسۆزییەک، تەرمەکانیان لە مزگەوت شووشت و پاش ئەوەی نوێژیان لەسەر کردن، بۆ بەخاکسپاردن رەوانەی هەڵەبجەی تازەیان کردنەوە.
 
دڵشاد محەممەد، خۆبەخش دەڵێ "لەماوەی سێ مانگدا 14 تەرمم بەدەستی خۆم ناردووەتەوە سەیدسادق و شارەزوور، کە هەشتیان هی برا عەرەبەکانمان بوون. هەموویان لەو رێگایەدا بە رووداوی هاتووچۆ مردوون".