سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسی رۆڵی دادگەکان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبوونەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر گرنگیی جێبەجێكردنی پرۆگرامی كابینەی حكومەتی نوێی عێراق هاوڕا بوون كە رێككەوتنی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی لەسەرە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-03-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا باسیان لە "رۆڵی دادوەری و دادگاكان لەسەر سەقامگیریی وڵات" کردووە کە کاریگەریی لەسەر کایەکانی ژیان هەیە، هەروەها "لەسەر گرنگیی جێبەجێكردنی پرۆگرامی كابینەی حكومەتی فیدراڵی هاوڕا بوون كە رێككەوتنی هەموو لایەن و پێكهاتەكانی لەسەرە."
نێچیرڤان بارزانی سوپاسی فایەق زێدانی کردووە بۆ "رۆڵ و ئەركیان لە كاری پێكەوەیی و كۆشش بۆ دڵنیاییدان كە دەبێت دادگاكان جێگەی دڵنیایی بن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان و پێكهاتەكانی عێراق."
وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق "سوپاسی رۆڵ و پێگەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد لە پێكەوەژیان و قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەیی لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی."