شاخەوانێکی بەریتانی لە چیای هەڵگورد هەڵدەدێرێت و دەست و قاچی دەشکێن
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە بەرزاییەکانی چیای هەڵگورد ئەندامی گرووپێکی شاخەوانی کە بەریتانین و سەردانی چیای هەڵگوردیان کردبوو، هەڵدێراو "بەسەختی" بریندار بوو.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە تیمی بەرگریی شارستانیی چۆمان دەستیکەوتووە، شاخەوانەکە تەندروستیی جێگیر نییە و دەست و قاچی شکاون، هاوکات بەشێک لە جەستەیشی بریندار بووە.
گرووپەکە لە نۆ شاخەوانی بەریتانی و رێبەرێکی کورد پێکهاتوون، لە پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە بۆ گەیشت بە لووتکەی چیای هەڵگورد بەڕێکەوتبوون.
چیای هەڵگورد لەسەر زنجیرەی چیاکانی زاگرۆس هەڵکەوتووە، بەرزترین لووتکەی هەیە کە سێ هەزار و 607 مەتر لە ئاست دەریا بەرزە و لە دووری 174 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر لە قەزای چۆمان.
یەکێک لە کارمەندانی بەرگریی شارستانیی چۆمان بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سەختیی رێگە و زۆریی بەفرەوە، نەتواندرا ئەو شاخەوانە زوو بگەیێندرێتە نەخۆشخانە. رووداو زانیویەتی دوای نزیکەی هەشت کاژێر شاخەوانەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، بەیار باڵەکی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاند، لە رێگەی سێ تیمی بەرگریی شارستانیی سنوورەکەوە لە هەوڵدا بوون بۆ گەیشتن بە چیای هەڵگورد و گەیاندنی شاخەوانە بریندارەکە بە نەخۆشخانە، "توانرا کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان بیگەیێننە نەخۆشخانەی چۆمان و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی هەولێر کراوە."