شارەوانیی خەبات: لە چوار ساڵدا 36 پرۆژەی خزمەتگوزاریمان هەبووە

رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی خەبات رایدەگەیێنێت، لە چوار ساڵی رابردوودا 36 پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە شارەکەدا خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە کە بەهایان زیاتر لە 6 ملیار دینار بووە. دەشڵێت: "120 داواکاریی هاونیشتمانیان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی پەسند کراون."
دلاوەر فەتاح، سەرۆکی شارەوانیی خەبات میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزاکەیانی کرد و گوتی: "لە چوار ساڵی رابردوودا 36 پرۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر جێبەجێکراون، بەشێوەیەک تەنیا لە سێکتەری رێگەوبان و ئاوەڕۆ بە گوژمەی 6 ملیار دینار پرۆژە جێبەجێ کراون."
سەرۆکی شارەوانیی خەبات ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پرۆژانەی پار خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە پێکدێن لە؛ دروستکردنی شەقامێکی 15 مەتری لە گەڕەکی کشتوکاڵ بە گوژمەی 145 ملیۆن دینار؛ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی سووک لە خەبات بە گوژمەی نزیکەی 600 ملیۆن دینار، هەروەها کۆنکرێتکردنی شەقام لە گەڕەکی کونەکەڵەک بە گوژمەی 37 ملیۆن دینار.
گوتیشی پرۆژەی چاککردن و رێگەسازی گەڕەکەکانی، کادیران، کشتوکاڵ، هەنجیرۆک، سەرگرد، ئازادی لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ گەڕەکی هەنجیرۆک و پشت شارەوانی خراونەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەشێوەیەک بەشێک لەو پرۆژانە تەواوکراون و بەشێکیشیان لە جێبەجێکردن دان.
بەگوتەی دلاوەر فەتاح، بەهۆی ئەوەی قەزای خەبات لە ماوەیەکی کەمدا زۆر فراوان بووە، هەموو هەوڵی ئەوان بۆ ئەوەیە "خزمەتگوزاری پێویست بگەیێننە هەموو گەرەکەکانی شارەکە و بە رێژەیەکی باش گرفتی ئاوەڕۆ و رێگەسازی لە شارەکەدا چارەسەکراون."
لەبارەی پرۆژەی بەردەستیان بۆ ساڵی 2025 گوتیشی، بۆ ئەم ساڵ چەند پرۆژەیەکی گرنگمان لەبەردەستن و دەرخستەیان بۆ ئامادەکراوە، لەوانە؛ دروستکردنی شەقامێکی 60 مەتری لە گەڕەکی کانی مام سینس و ئاشتی بە گوژمەی 780 ملیۆن دینار و قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقامی 15 مەتری لەنێوان هەردوو گەڕەکی کونەکەڵەک و ئاشتی.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو شەقامی سەرەکیی قەزای خەبات و گەڕەکی سەروەران بەرامبەر ناوچەی پیشەسازی قیرتاو دەکرێن بەچینی ستابلایزەر.
لەبارەی مۆڵەتدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی و ئامادەکاری شارەوانیی خەبات بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، دلاوەر فەتاح گوتی،" تا ئێستا زیاتر لە 120 داواکاری مۆڵەت پەسەندکراوە و ئەو داواکاریانەش کە پێشکێش کراون بەرزکراونەتەوە بۆ پارێزگای هەولێر. بۆ دابەشکردنی زەویش بەسەر فەرمانبەران، شوێنێکمان دەستنیشان کردووە و ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی نەخشەی کەرتین بۆ ئەو زەویەی دیاریمان کردووە بۆ دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەران."