هاتووچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەستیپێکردەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو هاتووچۆ لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران راگیرا، گوتەبێژی دەروازەکە دەڵێت، رێگەکە کراوەتەوە، بەڵام هەر کەسێک کاری "زۆر گرنگی" نەبێت بەکاری نەهێنێت.
 
رۆژی چوارشەممە 8-2-2023، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ رێگەی دەروازەکە کراوەتەوە، بەڵام هەر کەسێک کارێکی زۆر گرنگی نەبێت با سەردانی سنوور نەکات لەبەر دۆخی کەشوهەوا. گرنگە ئەوانەشی کە دێن پابەندی رێنوێنییەکانی هاتووچۆ بن." 
 
شەوی رابردوو هاتووچۆ لە دەروازەی حاجی ئۆمەران راگیرا. بە گوتەی سیروان حوسێن، لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە گرفتی هاتووچۆ نەبووە و ئەوەی هەبوو دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.
 
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە سەر بە پیرانشارە لە پارێزگای ورمێ.