کوردستان
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووانی بوومەلەرزەکەی مەرەشی باکووری کوردستان. وێنە: AA
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەى عێراق لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا داوا لەو رەوەندە عێراقییانە دەکات کە لە شارە بوومەلەرزە لێدراوەکانی تورکیا و باکووری کوردستانن، خۆیان بگەیێننە شارى دیلۆکی باکووری کوردستان بە مەبەستى گەڕاندنەوەیان.
رۆژی 8ـى شوباتى 2023، باڵیۆزخانەى عێراق لە ئەنقەرەى پایتەختى تورکیا بانگەوازێکى بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لەو رەوەندانەى عێراق دەکات لەو شارانەى تورکیان، کە بوومەلەرزە لێیداون و دەیانەوێت بگەڕێنەوە عێراق، سەردانى قوتابخانەى داروسەلامى عێراقى بکەن لە شارى دیلۆکی باکوورى کوردستان.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە، رەوەندى عێراقى دەشتوانن لەبرى سەردانیکردنى ئەو قوتابخانەیە، ناویان لەگەڵ کۆپییەکى پاسپۆرتەکانیان، ئەگەر هەیانبوو لەڕێگەى ژمارە تەلەفۆنى (05368787900) بنێرن بۆ باڵیۆزخانەکە.
لە بانگەوازەکەدا هاتووە کە ئەمڕۆ 8ـى شوبات یەکەم کاروانى گەڕاندنەوەى ئەو رەوەندە عێراقییانە لە فڕۆکەخانەى دیلۆکەوە بۆ فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى بەغدا دەکرێت.
رۆژی 6ـى شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕى 7.7 پلەى رێختەر، لە تورکیا و باکوورى کوردستانی دا، بەهۆیەوە زیاتر لە نۆ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەى 60 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ژمارەى رەوەندى عێراقى لە تورکیا و باکوورى کوردستان بە نزیکەى 700 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن، کە بەشێکیان ئاوارەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ