سێ هەفتەیە بایكۆتكردن لەلایەن بەشێك لە فەرمانگەكانی هەڵەبجە بەردەوامە

رووداو - هەولێر

سێ هەفتەیە بایكۆتركردنی دەوام لەلایەن بەشێك لە فەرمانگەكانی هەڵەبجە بەردەوامە و ئەمڕۆ دووشەممە 8-2-2016 كارمەندانی تەندروستی بڕیاری بایكۆتكردنیان داوە، تەنیا لە شوێنە هەستیارەكان نەبێت وەكو فریاكەوتن و نەشتەرگەری.


لەبارەی كەشوهەوا، رێبینیار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە رایگەیاند، ئێستا دۆخی کەشوهەوای پارێزگای هەڵەبجە سەخت بووەتەوە و پلەی گەرما بۆ نزیكەی سفری سەدی دابەزیوە. هەروەها بەپێی پێوەری کەشناسی تاوەکو ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە 473 ملیم باران باریوە، ئەمەش بڕێكی باشە بۆ زەوی هەڵەبجە، چونکە ساڵانە هەڵەبجە پێویستی بە 700 بۆ 800 ملیم باران هەیە. 

سەبارەت بە ناڕەزایەتی فەرمانبەران و بایكۆتكردنی دەوام، رێبینیار ئەحمەد رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی هەڵەبجە بۆ ماوەی 3 هەفتە دەبێت دەوامیان بایكۆت کردووە، بەشێکی زۆری فەرمانگەکان بایكۆتی دەوامیان کردووە و ئەو فەرمانگانەی دەوامیش دەکەن کاتەکانی دەوامکردنیان بۆ 3 رۆژ لە هەفتەیەکدا کەمکردووەتەوە.

ئەمڕۆ پەروەردەی هەڵەبجە لەگەڵ بەڕێوەبەری خوێندنگەکان کۆدەبێتەوە لەبارەی مووچەی مامۆستایان و چۆنیەتی دەوامکردنیان، كە لەسەرەتای وەرزی دووەمی خوێندنەوە دەوامیان نەكردووە.