فیستیڤاڵی هۆرە و تەنبوور لە کرماشان بەڕێوەچوو


رووداو - کرماشان

لە شاری ئیسلام ئاوای رۆژئاوای سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان فێستیڤاڵی "هۆرە و تەنبوور" بەڕێوەچوو. ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو شارە ئامادەبوون.

فێستیڤاڵی "هۆرە و تەنبوور" لە شاری شائاوا یان ئیسلام ئاوای رۆژئاوا سەر بە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو. ئەو فێستیڤاڵە لە هۆڵی شارەوانی ئەو شارە و بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانی کرماشان بەڕێوەچوو، کە تایبەت کرابوو بە یادکردنەوەی هونەرمەندانی کورد "سەید قوڵی کەشاوەرز" و "سەید تاهیر وەیسی" لە بوارەکانی هۆرەچڕین و ژەنینی تەنبوور.

لە بەشێکی دیکەی ئەو رێورەسمەدا عەلی ئەکبەر مورادی، هونەرمەندی کورد لەسەر گرینگی خوێندن و نووسین بە زمانی دایک قسەی بۆ بەشداربووان کرد و گوتی: لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان بنەماڵەکان بە زمانی فارسی قسە لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن کە نابێ وابێ. ئەرکی هەموو بنەماڵەیەکە لە کرماشان کە لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی قسە بکەن و خوێندن و نووسین بە زمانی کوردییان فێر بکەن.

عەلی ئەکبەر مورادی هەروەها داوایکرد حکومەت بودجەی تایبەت بە بووژاندنەوە و گەشەپێدانی مۆسیقا و هونەری نەتەوەکانی نێو ئێران دابین بکات.

لە ناوچەکانی ئیلام و کرماشان و دەوروبەری سنە ئەم شێوە گۆرانییە باوە و بە زاراوەی کوردی خوار واتە کەڵهوڕی دەچڕدرێت. نە لەگەڵ مۆسیقادا دێتەوە و نە ریتمی هەیە. ناوەرۆکی هەڵبەستەکانی دەکرێت پاڵەوانی، دڵداری، حەزینی و پیری بێت.

تەنبوور یان تەموورەش سازێکی تایبەتییە کە زیاتر لە نێو پێڕەوانی ئایینی یارسان بۆ ژەنینی مۆسیقای ئایینی خۆیان بەکار دەهێنرێت.