شکانی بۆری گرفت بۆ 25٪ـی ئاوی سۆران دروست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران رایدەگەیێنێت، 25٪ی سەرچاوی ئاوی سۆران گرفتی بۆ دروست بووە بەهۆی شکانی بۆری ئاوی بێخاڵ و سێ تیمی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان سەرقاڵی چاککردنەوەین.
دەشڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە تاوەکو ئێوارە بەشی زۆری چاک دەکەنەوە و هەفتەی داهاتوو پرۆژەی ئاوی گوندی بەرمیزە بە گوژمەی نزیکەی ملیارێک دینار جێبەجێدەکرێت.
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، بەهۆی داڕمانی بەشێکی چیای بێخاڵەوە، دوو بۆریی پڕۆژەی ئاوی بێخاڵی سۆران لە شەش شوێنەوە شکاون و لە بەیانی زووەوە بە سێ تیم کارکردن بۆ چاککردنەوەی بۆری ئاوی بێخاڵ-سۆران بەردەوامە.
پرۆژەی ئاوی بێخاڵ-سۆران بە دوو بۆری 16 ئینجی راستەوخۆ ئاو لە سەرچاوی ئاوی بێخاڵ دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی ئاوی زارگەلی. بەڕێوەبەری ئاوی سۆران گوتیشی، ئەمڕۆ بەشێکی زۆری تەواو دەبێت، هەوڵدەدەن دابینکردنی ئاو ئاسایی ببێتەوە، چونکە پرۆژەکە ئاوی 25٪ی قەزای سۆران و زۆرینەی ناحیەی دیانا دابین دەکات.
لە سۆران لە چەند سەرچاوەیەکی سەرەکییەوە ئاوی خواردنەوەی شارەکە دابیندەکرێت؛ 70٪ی ئاوی سۆران لە سەرچاوی ئاوی بێخاڵە، لەگەڵ 10 بیری ئیرتیوازی و کانی سەروچاوە لەگەڵ پرۆژەی کانی ئاوی بەرزێوە.
تەحسین سەعدوڵڵا دەشڵیت، ئەوانە رۆژانە لەنێوان 2500 بۆ 3000 مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێکدا دەپاڵێورێت، بەگوێرەی ئەو خشتەیەی دایانناوە دابەشکردنی ئاو لە سنووری سۆران بۆ وەرزی زستان، رۆژنارۆژێکە.
لەبارەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان و قەرزی ئاو لای هاوبەشان، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 93٪ی هاوبەشانی ئاو لە سنووری قەزای سۆران پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە، نزیکەی سێ هەزار هاوبەش ماون بۆ ئەوەی پێوەریان بۆ دابنرێت.
گوتیشی، ئەو پارەیەی وەکو قەرزی ئاو لای هاونیشتمانیانە، بەگوێرەی دوایین ئاماری حکومەت قەرزەکە نزیکەی 10 ملیار دینار بووە، بەڵام لە 2018وە کۆمپانیا پارە کۆدەکاتەوە و ئاماری ورد نییە لەسەر ئەو پارەیە.
ژمارەیەک دانیشتووی گوندی بەرمیزە لە دەشتی بەرازگری سنووری سیدەکان، پەیوەندییان بە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کرد و دەڵێن، "گوندەکەمان نزیکەی 300 ماڵە و چەند ساڵێکە کێشەی ئاویان هەیە و تا ئێستا بۆیان چارەسەر نەکراوە."
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران دەڵێت، گرفتی گوندی بەرمیزە دوو هۆکارە، گرفتێکی سیاسییە، بەهۆی ئەوەی سوپای تورکیا لەو سنوورە هەیە و ناتوانین بگەینە سەرچاوەی ئاوی گوندەکە، هەروەها بەهۆی وشکەساڵی نزیکەی 28 گوندی ئەو سنوورە هاوینان کێشەی ئاویان هەیە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، ئێستا رەزامەندی دراوە لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی ئاو بۆ گوندی بەرمیزە بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دینار. ئەمڕۆ بەڵێندەری پرۆژەکە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران واژۆی گرێبەستەکە دەکات و لە هەفتەی داهاتوو دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی.
تەحسین سەعدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەیەکیش بۆ گوندی ئاکۆیان لەسنووری رەواندز دەرچووە کە نزیکەی یەک ملیار و 800 ملیۆن دیناری تێدەچێت و بڕیارە دوای دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی دارایی تەندرەر بۆ ئەو پرۆژەیە بکرێت و بۆ ئەو گوندە جێبەجێبکرێت.