وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: سەنتەرە ئەهلییەکان لەسەر بنەمای کوالێتی پارە لە منداڵانی ئۆتیزم دەسەنن


رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستاندا 28 سەنتەری تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەن کە نزیکەی هەزار و 100 منداڵ لەو سەنتەرانەدا راهێنانیان پێدەکرێت. دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بۆ راهێنان لە سەنتەرە ئەهلییەکان بە منداڵانی ئۆتیزم دەدرێت، لەسەر بنەمای کوالێتی سەنتەرەکەیە. 
 
رۆژی یەکشەممە 08-01-2023، زەکییە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت، سەنتەرەکانی تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە 2013وە کراونەتەوە؛ تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی سێ سەنتەری تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک بکاتەوە. 
 
جگە لەو سێ سەنتەرە حکومییە، چەندین سەنتەری خێرخوازی و تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم هەن. بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 25 سەنتەری ئەهلی تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە تۆمارکراون و مۆڵەتیان پێدراوە.
 
زەکییە سەید ساڵح گوتیشی، لە هەر سێ سەنتەرە حکومی و 25 سەنتەرە ئەهلییەکاندا نزیکەی هەزار و 100 منداڵی ئۆتیزم راهێنانیان پێدەکرێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 8-1-2023، کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی گوت: بەشێک لە سەنتەرەکانی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم مۆڵەتیان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی وەرنەگرتووە. سەنتەری ئەهلی هەبووە پارەی پێشەکیی سێ مانگی لە دایک و باوکی منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم سەندووە و ئەوەش قۆرخکردن و بازرگانیکردنە. 
 
زەکییە سەید ساڵح گوتی، تاوەکو ئێستا 25 سەنتەر مۆڵەتیان لەوان وەرگرتووە، بەشێک لە سەنتەرەکان لە وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ و رۆشنبیری مۆڵەتیان وەرگرتووە، وەکو وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی داوایان کردووە هەموو سەنتەرەکانی ئۆتیزم لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بێت. 
 
لەبارەی نرخی سەنتەرە ئەهلییەکان، بریکاری وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، ئەو بڕە پارەیەی لە بەرامبەر راهێنان بە منداڵانی ئۆتیزم لەسەر بنەمای کوالێتی سەنتەرەکەیە لە رووی بینا و ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشكێش بە منداڵان دەکرێت.
 
بەگوتەی زەکییە سەید ساڵح، دوو لیژنەی تایبەتمەندیان هەیە بۆ چاودێریکردنی سەنتەرەکانی تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم کە لیژنەیەکیان لەسەر ئاستی دیوانی وەزارەت و لیژنەکەی دیکەش لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییە. 
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی گوتیشی، لە ساڵی 2022دا 618 فەرمانبەر مۆڵەتی بەخێوکاریان وەرگرتووە کە زیاتر لە 500یان بەهۆی ئۆتیزمەوە بووە، بەڵام دیاری نەکراوە تەنیا دایکەکە دەبێت بەڵکو دەکرێت باوک یان دایک یەکێکیان مۆڵەت وەربگرن، بەڵام بۆ بەخێوکردنی منداڵەکە دایکەکە بێت باشترە. 
 
لەبارەی زیادکردنی سەنتەرە حکومییەکانی تایبەت بە راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم، زەکییە سەید ساڵح گوتی، "زیادکردنی سەنتەرەکانی ئۆتیزم "مومکینە" لەڕووی داراییەوە لە دەسەڵاتی حکومەتدا نەبێت، بۆیە دەکرێت سوود لە ئەزموونی هاوبەشی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت ببینین." 
 
وەک زەکییە سەید ساڵح دەڵێت، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پلانیدایە لە ئەمساڵدا 2023 رووپێوییەکی ورد بۆ تووشبووانی ئۆتیزم بکرێت، بۆ ئەوەی بە وردی ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم بزانن.