شارەوانیی هەڵەبجە: لە 2015وە زیاتر لە هەزار پارچە زەوی بۆ شەهیدان و زیندانیانی سیاسی تەرخانکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، لە ساڵی 2015وە نزیکەی 1020 پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجە تەرخانکراوە بۆ شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەران، بەڵام بەهۆی کێشەی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکانەوە دابەشنەکراوە.
 
سەید حەکیم سەید نەجیب، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو گوتی، "لە ساڵی 2015 بەدواوە لە کەرتی 24ی جەلیلە لە سنووری شارەوانیی هەڵەبجە کە نزیکەی 1020 پارچە زەوییە تەرخانکراوە بۆئەوەی بەسەر شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی و فەرمانبەراندا دابەشبکرێت."
 
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە گوتیشی، "ئەو زەوییانەی تەرخانکراون هەموو رێکارێکی کارگێڕییان تەواوکراوە و هەموویان سورەت قەیدیان بۆ دەرکراوە و کراون بەناوی شارەوانییەوە، بەڵام کێشەی زەوییەکان کشتوکاڵین و کاتێک کوژاندنەوەی بۆ کراوە، قەرەبوو نەکراونەتەوە و ئێستاش لەسەر بابەتی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان وەستاوە."
 
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران، سەید حەکیم سەید نەجیب ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی جووتیاران کێشەی قەرەبووکردنەوەیان هەیە، ئێستا لیژنەیەک لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و شارەوانیی هەڵەبجە دەستبەکار بوون بۆئەوەی بە زوویی پرسی قەرەبووکردنەوەی جووتیاران چارەسەر بکەن.
 
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە دەشڵێت، بەشێک لەو زەوییانەی کە کوژاندنەوەیان بۆ کراوە و کراون بەنێو شارەوانیی هەڵەبجەوە، زێدەڕۆیی کراوەتە سەریان و باخیان لەسەر دروستکراوە و دەبێت ئەو زیدەڕۆییانەیش لاببرێن و چاوەڕێی وردبینیی قەرەبووکردنەوەکان کۆتایی بێت، "هەرچەندە گشتاندنێکمان بۆ هاتووە، کە قەرەبووکردنەوە راگیراوە، بەڵام ئەوەی لەسەر ئێمە بێت وەکو شارەوانی، ئیش و کارەکانی قەرەبووکردنەوە تەواو دەکەین."