30 بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی بایكۆتی كارەكانیان دەكەن

08-01-2018
ئاسۆ سەراوی
نیشانەکردن یەکێتی
A+ A-

رووداو - هەولێر

30 بەرپرس و کارگێڕی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سۆران بایكۆتی كارەكانیان دەكەن ‌و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە كەسێك كراوەتە بەرپرسی مەڵبەندەكەیان، خەڵكی سنوورەكەیان نییە.

شاخەوان حەسەن، جێگری یەكەمی بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، نزیكەی 30 بەرپرسی مەڵبەندەكەیان كە پێكهاتوون لە جێگران ‌و كارگێڕانی مەڵبەند ‌و بەرپرسی كۆمیتەكانی سنوورەكە، بایكۆتی كارەكانیان كردووە. 

شاخەوان حەسەن گوتیشی "ئێمە پێشتر داوامان كردبوو دوای سیروان كوێخا نەجم، كەسێكی سنوورەكەمان بكرێتە بەرپرسی مەڵبەند، بەڵام بەبێ‌ گوێ‌ گرتن لە ئێمە‌و خواستی خەڵكی ناوچەكە بەڕێز ئاسۆس عەلی یان هێناو كردویانەتە بەرپرسی مەڵبەند، ئێمەش بەوە رازی نابین بۆیە بایكۆتی دەواممان كردووە".

جێگری یەكەمی بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی یەكێتی باسی لەوەش كرد، پاساوی دانانی ئاسۆس عەلی لە پۆستی بەرپرسی مەڵبەند هەر ئەوەیە كە ئەندامی سەركردایەتییە بەڵام وەك ئەو دەڵێت "زۆر مەڵبەندی دیكەشمان هەیە بەرپرسەكەی ئەندامی سەكردایەتی نییە وەك شنگال، خورماتوو، گەرمیان ‌و چەند شوێنێكی دیكەش، كارەكانیشیان دەڕوات، بۆیە هەتاوەكو ئەو داواكاریەمان لەبەرچاونەگیرێت،‌ ئامادەنین دەوام بكەینەوە".

پێشتر سیروان كوێخان نەجم، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی ئەو حیزبە بوو، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا ئاسۆس عەلی  كە پێشتر لە حیزبی ئایندەی كوردستان بوو، دواتر چووە ناو ریزەكانی یەكێتی كراوەتە بەرپرسی مەڵبەندی سۆرانی ئەو حیزبە بەو هۆیەشەوە بەشێك لە ستافی مەڵبەند وەك ناڕەزایی دەربڕینێك بایكۆتی كارەكانیان كردوە.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە