بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاماری رووداوەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو رووداوەکان روویان لە هەڵکشان کردووە. لە ماوەی 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ زیاتر لە یەک هەزار و 700 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە 40 کەس گیانیان لەدەستداوە. دەشڵیت، لە ماوەی رابردوودا بەدواداچوون بۆ مەرجی سەلامەتی 55 هۆڵی ئاهەنگ و بۆنە کراون.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ئەم ساڵ رووداوەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو رووی لە زیادبوون و هەڵکشان کردووە. لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا هەزار و 711 رووداوی جۆراوجۆر روویانداوە.
 
بەهۆی ئەو رووداوانەی ئەم ساڵ روویداوە، بەگوتەی موقەدەم کاروان میراودەلی، 43 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 15 کەسیان بەهۆی رووداوی سووتان گیانیان لەدەستداوە و 28 کەسیش بە رووداوی خنکان گیانیان لەدەستداوە، لە سنووری 46 بنکەی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای هەولێر رووداوەکان روویانداوە. 
 
لەبارەی قەبارەی زەرەر و زیانەکان بەهۆی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە ئەم ساڵدا، بەرپرسەکەی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێمە نزیکەی لە ملیارێک و 576 ملیۆن دینار، زیان بەر هاونیشتمانییان کەوتووە، بەهۆی ئەو رووداوانەی لە 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ روویانداوە.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی، ئەرکیانن فرەچەشنە و 18 ئەرک لەسەرشانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانییە بۆ پاراستنی ژیان و سامانی هاونیشتمانییان."
 
لەبارەی بەداواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی و فریاکەوتن لە باڵەخانە و هۆڵەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "بەردەوام لیژنە هونەری و تەکنیکییەکان سەردانی شوێنەکان دەکەن بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی. بە بڕیاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی کە نۆ بەڕێوەبەرایەتین، لیژنەیەکی باڵا بەدواداچوون بۆ هەموو هۆڵەکانی ئاهەنگ و بۆنەکان دەکات." 
 
گوتیشی، دوای پێکهێنانی لیژنەی پەیوەندیدار، تا ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 55 هۆڵی بۆنە و ئاهەنگ بەدواداچوونیان بۆکراوە و بەشێک لەو هۆڵانە گرفتیان هەبووە دەرفەتیان پێدراوە بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ نوسراو لەسەر 85 شوێنکراوە کە گرفتیان هەبووە لە مەرجەکانی سەلامەتی، ئاراستەی لیژنەی تایبەتمەند و لیژنە هاوبەشەکان کراوە بۆ بڕیاردان لەسەری.
 
ساڵی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک دوو رووداوی تەقینەوەی گازی شل LPG روویاندا و بەهۆیانەوە 20 کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون، لەدوای ئەو رووداوانە حکومەتی هەرێمی کوردستان دانانی سیستمی گازی شل و شۆڤاژی قەدەخەکرد.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی دەڵێت، پێشتر نزیکەی 28 شوێن بەبێ مۆڵەت و بەشێوەیەکی ناتەندروست کاری دانانی سیستمی گازی شلیان دەکرد، بەڵام لەدوای پێکهێنانی لیژنەی باڵا، دانانی سیستمی گازی شل بەشێوەی هەڕەمەکی راگیرا، ئێستا 13 کۆمپانیا مۆڵەتیان پێدراوە بۆ دانانی سیستمی گازی شل LPG، نزیکەی 90٪ی پرۆسەکە کاری زانستییانەی بۆکراوە.
 
گوتیشی، هاونیشتمانیان ئەگەر بیانەوێت سیستمی گازی شل LPG دابنێن، دەتوانن داوا لە بەرگریی شارستانی بکەن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ سیستمەکەیان بکرێت.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لەهاونیشتمانییان دەکات، لەکاتی هەر رووداوێکدا بەپەلە پەیوەندی بە ناوەندی کۆنترۆڵەوە بکەن لەرێگەی هەردوو ژمارەی 115 و 125.