پەرلەمانتارێکی پارتی: شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رۆژی سێشەممە 08-11-2022 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو رێککەوتننامەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت. دەشڵێت، رێککەوتنێک هەیە بۆئەوەی هاوشێوەی خولەکانی پێشوو ئەو لیژنانەی پەرلەمانی عێراق لەلای کورد بوون، وەکو خۆیان بمێننەوە.
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، کورد سەرۆکایەتیی سێ لیژنەی لەلابوو، کە ئەوانیش لیژنەی یاسایی، لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوون.
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگترین لیژنە بۆ کورد، لیژنەی یاساییە، چونکە هەموو یاسایەک دێتە پەرلەمان هەنگاوی یەکەم لەلایەن لیژنەی یاساییەوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیارە لەسەر ئاستی سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەک بۆ بڕیاردان لەسەر دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان بکرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەو لیژنانە بکرێن کە پشکی کوردن، جا چ سەرۆک لیژنەکان یان جێگری سەرۆک لیژنە و بڕیاردەری لیژنەکان بن.
شێروان دووبەرەدانی باسی لەوەش کرد، "لە خولەکانی پێشووەوە ئەگەر هەر وەزارەتێک لای هەر پێکهاتەیەک بێت، نابێت سەرۆکی لیژنە پەرلەمانییەکەی لای ئەو پێکهاتەیە بێت، بەڵام پێشتر رێککەوتنێک هەبووە لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆئەوەی لیژنەی یاسایی بۆ کورد بێت و لای پارتی بمێنێتەوە."
لەبارەی دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان لەنێو پێکهاتەکانی پەرلەماندا، شێروان دووبەردانی ئەوەی خستەڕوو، لە دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان، لەلای هەموو پێکهاتەکان، کورد، شیعە و سوننەش کێشەی بۆ دروست دەبێت.
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارە رۆژی سێشەممە 08-11-2022 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆئەوەی خاڵەکانی رێککەوتنەکە بەگوێرەی ئەو کاتەی دیاریکراوە جێبەجێ بکرێت.
دووبەردانی گوتیشی، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق، هەروەک گفتوگۆ لەسەر پرسی بودجە و پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقیش دەکرێت کە بڕیارە بەمنزیکانە ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.