دیندار زێباری: رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان 8٪ کەمی کردووە

رووداو دیجیتاڵ 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، لە ماوەی دوو ساڵدا زیاتر لە 30 هەزار قوتابی گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن، 41 پرۆژەش بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوارەکان جێبەجێ کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەمە، 7ی تشرینی یەکەمی 2024، د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2018 رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان لە 24٪ بوو، بە هەوڵ و پشتیوانیی بەردەوامی بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەو کەرتە توانرا رێژەی نەخوێندەواری بۆ 16٪ کەم بکرێتەوە. ئەمەش بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوێکی باشە."
 
بەگوتەی دیندار زیباری لە نێوان ساڵی 2022 تاوەکو 2024 توانراوە زیاتر لە 30 هەزار قوتابی لە خوێندن دابڕابوون بگەڕێندرێنەوە قوتابخانەکان.
 
لە بارەی نەهێشتنی گەندەڵیش، دیندار زێباری رایگەیاند: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەتی نیشتمانيی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی 2021-2025 پەسند کرد، کە بریتییە لە پلانێکی تۆکمە بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان باسی پاراستنی شوێنەوارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد: "41 پرۆژەمان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوارەکان هەبووە. هه‌روه‌ها 3,200 شوێنەوار تۆمارکراون، لە ساڵی 2023دا 69 شوێنەوار نۆژەنکراونەته‌وە و هەڵکۆڵینیان بۆ کراوە، هەروەها پلان بۆ جێبەجێکردنی 13 پرۆژەی دیکە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکانی ئێزیدییەکان هەیە، جگە لە کارکردن له‌ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی لالش."