لیژنەی سەرژمێری: گەمارۆسازی تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
رێکارەکانی گەمارۆسازی بۆ سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە. سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێرییەکە دەڵێت، کۆمەڵێک پرسیار لە دانیشتووان دەکرێت.
کارزان رەزا، سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قۆناخی یەکەمی سەرژمێری کە گەمارۆسازییە لە هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیپێکردووە.
بڕیارە قۆناخی یەکەم یەک مانگ بخایێنێت. کارزان رەزا دەڵێت، "لەم قۆناخەدا بە هەنگاوی مەیدانی، ژمارە لەسەر گەڕەک، گوند، شەقام و باڵەخانە دەدرێت و دواتر پرسیارنامەی گەمارۆسازی دەستپێدەکات."
پرسیارنامەی گەمارۆسازی بریتییە لە پرسیارکردن لە ساڵی دروستکردنی باڵەخانە، بۆچی بەکاردەهێندرێت و لە چەند شوقە پێکدێت؛ دواتر تیمەکان سەردانیان دەکەنەوە و پرسیار لە ژمارەی خێزان لەنێو شوقەکان دەکەن. گەمارۆسازی خانووش دەگرێتەوە.
سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێکی دیکە لەو پرسیارانەی لەم قۆناخەدا دەکرێت، پرسیاری ژمارەی ئەندام و رەگەزە؛ هاوکات پرسیاری شوێنی نیشتەجێبوون لە هاووڵاتییان دەکرێت کە کرێیە یان خاوەن موڵک و پرسیاری چالاکیی بوارەکانی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریش لە خێزانەکان دەکرێت.
کارزان رەزا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرژمێری گشتیی دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 20-11-2024 دەبێت و بۆ 2 رۆژ قەدەخەی گشتیی هاتووچۆ رادەگەیێندرێت.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 20 و 21ی تشرینی یەکەمی 2024 ژمێرکاران چەند پرسیارێک لە کەسانی نیشتەجێی نێو باڵەخانە و خانووەکان دەکەن، ئەوانیش ناوی سیانی، رەگەز، پەیوەندی کەسەکە بە سەرۆکی خێزانەکە، تەمەن، ناوی دایک و باوکی دایک.
لە عێراق، لە 1ـی ئەیلوولەوە گەمارۆسازی و ژمارەلێدان دەستپێکردووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان 01ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و کۆتایی مانگیش تەواو دەبێت.
سەرژمێری بۆ زانینی ژمارەی دانیشتووان و دهرخستنى دابهشبوونى خزمهتگوزارييه گشتييهكانى حكومهت وهک قوتابخانه، نهخۆشخانه، بنكهى تهندروستى و چەندی بابەتی دیکە سوودی لێ دەبیندرێت.