سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: چەند بەشێکی زانکۆکەمان بەهۆی کەمیی خوێندکار مەترسیی داخستنیان لەسەرە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرای دەکات، چەند بەشێک لە زانکۆکەیان مەترسیی داخستنیان لەسەرە، بەهۆی کەمیی وەرگرتنی خوێندکار لە ئەو بەشانە، دەشڵێت "فۆڕمی راستەوخۆمان دابەشکردووە و داوامان کردووە خوێندکاران خواستی خۆیان بۆ خوێندن لەو بەشانە پێشکێش بکەن." 
 
لەگەڵ ئەوەی زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵی 2023-2024 توانای وەرگرتنی 63 هەزار قوتابیان هەبوو، بەڵام تەنیا 42 هەزار و 985 خوێندکار وەرگیراون، بۆیە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار کورسی بە بەتاڵی ماوەتەوە. 
 
د. کامەران یوونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نوورۆژدا، بە رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ لە زانکۆی سەڵاحەدین پلانمان بۆ وەرگرتنی نۆ هەزار و 200 خوێندکار دانابوو، بەڵام لە ناوەندی وەرگرتنی قوتابییان پێنج هەزار و 200 قوتابی وەرگیراون، واتە چوار هەزار کورسی بە بەتاڵی ماونەتەوە و خوێندکاران دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن." 
 
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، چەند بەشێک لە زانکۆکەیان بەهۆی کەمیی خوێندکارەوە مەترسیی داخستنیان لەسەرە، چونکە بەگوێرەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەر بەشێک 14 خوێندکار کەمتری وەرگرتبێت، خوێندنی تێدا ناکرێت.
 
د. کامەران یوونس رایگەیاند، "لە کۆلێژی ئاداب بەشەکانی فەلسەفە و شوێنەوار. لە کۆلێژی کشتوکاڵ بەشەکانی سامانی ماسی و دارستان، لە کۆلێژی زمان بەشی فارسی خوێندکاریان لە نێوان یەک بۆ چوار خوێندکار وەرگرتووە، بۆیە لەبەردەم داخستندان." 
 
گوتیشی، "بە رەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا فۆرمی راستەوخۆمان راگەیاندووە و خوێندکاران دەتوانن بۆ ئەو بەشانە خواستی خۆیان پێشکێش بکەن، ئەگەر خوێندکاران هاتن و ژمارەیان گەیشتە 14 ئەوا خوێندن دەکرێت، ئەگەر نا خوێندنیان تێدا ناکرێت و ئەم ساڵ دادەخرێن."
 
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین باسی لەوەش کرد، "ساڵی داهاتوو کۆلێژی پزیشکی گشتی دەکەینەوە و هەموو کارەکان تەواو کراوە. هەروەها بەشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەینەوە و پلانیشمان داناوە بەشی فڕۆکەوانی هەلیکۆپتەر بکەینەوە."
 
پڕۆژەی دروستکردنی کەمپی نوێی زانکۆی سەڵاحەدین لەبواری جێبەجێکردندایە، کەمپەکە بەشە نێوخۆییەکی نوێ بۆ خوێندکارانی زانکۆکە لەخۆ دەگرێت، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرای دەکات، "کەمپەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە، کە بەشە نێوخۆییەکی نوێشی تێدایە، تەنیا دابینکردنی کەلوپەل و کارەبای ماوە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵین بۆ دابینکردنی گوژمەیەک بودجە و تەواوکردنی کەمپە نوێیەکە."