قایمقامی چۆمان: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا دووجار چیای حەساری سەکرانی بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چۆمان بە وەکالەت رایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی "تورکیا" ناوچەی پڕخێڵندی لە چیای حەساری سەکران کردووەتە ئامانج و دووجار بۆردوومانی کرد.
رۆژی هەینی 07-10-2022، عەبدولوەهاب مەحموود، قایمقامی قەزای چۆمان بە وەکالەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 03:00 تورکیا لە رێگەی فرۆکەێکی بێ فرۆکەوانەوە ناوچەی پڕ خێڵندی چیای حەساری سەکرانی بۆردوومان کرد.
عەبدولوەهاب مەحموود راشیگەیاند، پڕخێڵند ناوچەیەکی دوورە دەستە و ئاوەدانی خەڵکی لێ نییە بۆیە "زیانی گیانی و ماڵی نەبووە."
چیای حەساری سەکران یەکەمین جارە تورکیا بۆردومانی بکات، چیاکە دەڕوانێتە سەر قەزای چۆمان و چوار وەرزی ساڵ بەفری لێیە ناوچەیەکی ئەستەم و چیاکەی بەرزە بۆیە مەڕدار و جووتیاریش لە هیچ کاتی ساڵ روو لە ناوچەکە ناکەن.
ئەمڕۆ هەینی، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاژێر 14:50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سنووری گوندەکانی بادانە و زەردکاوی لە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن بۆردوومان کرد؛ بەشێوەیەک کە تەنیا لە 20 خولەکدا سێجار بۆردوومانی سنووری ئەو دوو گوندەی کرد.