ئەنجوومەنی مامۆستایانی سنە: ئەگەر قوتابییە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد نەکرێن دەڕژێینە سەر شەقام
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی پارێزگای سنە لەبارەی سەرکوتکردنی ناڕەزایی قوتابییان هۆشداری دەداتە حکومەتی ئێران و دەڵێت، ئەگەر قوتابییە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد نەکرێن، مامۆستایان دەڕژێنە سەر شەقام.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە کە لە نوێنەرانی مامۆستایانی شارەکانی سنە، مەریوان، سەوڵاوا، سەقز و بیجاڕ پێکهاتووە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، دەسەڵات لە جێگەی دڵدانەوەی خەڵک و قوتابییان، تووندترین شێوەکانی سەرکوتکردنی گرتووەتەبەر و ئەگەر بۆمبی ئەتۆمی هەبووایە لە زانکۆ و قوتابخانەکانی دەدا تاوەکو بیسەلمێنێت "ژینا و نیکا" نەکوژراون.
مامۆستایانی سنە لەبارەی سەرکوتکردنی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ هۆشداری دەدەنە حکومەت و دەڵێن، ئەگەر گوشارەکان بەردەوام بن و خەڵک بکرێنە قوربانی، دەڕژێنە سەر شەقام و لەنێو رای گشتیدا وانەی ئازادیخوازی بە مژار "ژن، ژیان، ئازادی" دەڵێنەوە.
ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی سنە داوا دەکات، تەواوی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ ئازاد بکرێن. داواش لە هێزەکانی ئێران دەکات، چەک دابنێن و خۆپێشاندەران سەرکوت نەکەن.
چەند رۆژە لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناڕەزایەتی دژ بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دەستیپێکردووە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، قوتابییان وێنەی رێبەری ئێستا و پێشووی کۆماری ئیسلامی لە دیواری قوتابخانە و هەروەها نێو کتێبەکانیان دەکەنەوە و دژی دەسەڵاتی ئێران درووشم دەدەن.