خوێندنی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان؛ "بەشێکی هاونیشتمانییان منداڵەکانیان دەنێرنە قوتابخانە عەرەبییەکان"
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە کەرکووک، شنگال و خانەقین زیاتر لە 133 هەزار قوتابی بە زمانی کوردی لە 657 قوتابخانەدا دەخوێنن.
لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، وەکو کەرکووک، شنگال و خانەقین، دوو بۆ سێ جۆر خوێندن هەن، لەنێویاندا خوێندنی کوردی کە سەر بە پەروەردەکانی هەرێمی کوردستانە و هەموو شایستە و پڕۆگرامەکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
خوێندنی کوردی لە کەرکووک: 100 هەزار قوتابیمان هەیە
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە خوێندنی کوردی لە سنووری پارێزگای کەرکووک نزیکەی 100 هەزار قوتابی هەن و لە 555 قوتابخانەدا وانە دەخوێنن.
بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، نزیکەی 9000 فەرمانبەر و مامۆستا لە بەشی خوێندنی کوردی دەوام دەکەن.
بە گوتەی کامەران عەلی، خوێندنی عەرەبی لە کەرکووک قوتابیی زیاتری لە خوێندنی کوردی هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە 2003وە لە یەکەمین قوتابخانەوە دەستمان پێکرد، بۆیە بێگومان خوێندنی عەرەبی قوتابیی زیاتری دەبێت."
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بەشێکی ئەو قوتابیانەی لە قوتابخانە عەرەبییەکاندا دەخوێنن، کوردن و لەلایەن خێزانەکانیانەوە خراونەتە ئەو قوتابخانانە.
لە کەرکووک جگە لە خوێندنی عەرەبی و کوردی، خوێندنی تورکمانیش هەیە، بەڵام ژمارەی قوتابخانە و قوتابییەکانیان کەمترە.
پەروەردەی شنگال: 28 هەزار قوتابی، کوردی دەخوێنن
لە شنگالیش خوێندنی کوردی و عەرەبی هەیە. مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەی پەروەردەی شنگال کە سەر بە پەروەردەی پارێزگای دهۆکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سنووری پەروەردەکەمان نزیکەی 28 هەزار قوتابی خوێندنی کوردی دەخوێنن."
لە سنووری پەروەردەی شنگال 70 قوتابخانەی کوردی هەن و بەشێکیان لە کەمپەکاندان. مەیسەر حەجی گوتی، "ساڵانی رابردوو قوتابیانی کوردی زیاتر بوون لە قوتابیانی خوێندنی عەرەبی، بەڵام ئێستا پێچەوانە بووەتەوە."
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال دەڵێت، بە هۆکاری دانەمەزراندن لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شنگال، بەشێکی خێزانە کوردەکانی قەزاکە منداڵەکانیان بردووەتە ئەو قوتابخانانەی خوێندن تێیاندا بە زمانی عەرەبییە.
لە شنگال 1650 مامۆستا و فەرمانبەری میلاک و 1130 مامۆستای وانەبێژ پرۆسەی خوێندنی کوردی بەڕێوەدەبەن.
پەروەردەی کوردی لە خانەقین: 5000 قوتابیمان هەیە
لە قەزای خانەقین کە یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای دیالەیە، خوێندن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی هەیە.
حەسەن محەممەد تاڵەبانی، بەڕێوەبەری بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خوێندنی کوردی لە خانەقین لەگەڵ هەرێمی کوردستانە و تاوەکو ئێستاش وەرگرتنی قوتابیانی پۆلی یەک بەردەوامە."
بەشی کوردیی پەروەردەی خانەقین 3300 مامۆستا و فەرمانبەری هەیە. حەسەن محەممەد تاڵەبانی گوتی، لە سنوورەکەیان 5000 قوتابی لە 32 قوتابخانەدا بە زمانی کوردی دەخوێنن.
بڕیارە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، 25ی ئەم مانگە خوێندن لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەستپێبکات.