لە راپەڕین ماتۆڕسوارێک سێ کەس بە چەک دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
لە راپەڕین ماتۆڕسوارێک بە چەکەوە هێرشدەکاتە سەر سێ کەس و هەرسێکیان دەکوژێت. پۆلیسیش دەڵێت، تاوەکو ئێستا کەس بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیر نەکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "کاژێر 9:05 خولەکی ئەمشەو تەرمی سێ کەس گەیەندرانە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ بەناوەکانی (ع . ع) لەدایکبووی 1978، (م . هـ) لەدایکبووی 1973، پیشەی کاسب و (ٲ . ع) لەدایکبووی 1980، پیشەی کاسب، سەرجەمیان دانیشتووی قەڵادزێن و لە ڕەگەزی نێرن."
وەکو پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، دوای پشکنین و توێکاری بۆ تەرمەکانیان لە پزیشکی دادوەری قەڵادزێ، دەرکەوت شوێنەواری فیشەک بەسەر جەستەی هەرسێ تەرمەکانەوە هەیە. دەشڵێت، "لە ئێستادا هێزەکانمان لە پۆلیسی قەڵادزێ دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە بەمەبەستی زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە."
پێشتر، عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی قەڵادزێ بە رووداوی راگەیاند، لە شەڕە تەقەکەدا 3 کەس کوژراون.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەریەکە لە عومەر عەبدوڵڵا، محەممەد هۆمەر و ئیسماعیل عەبدوڵڵا پیرۆت لە شەڕە تەقەکەی قەڵادزێ لە سنووری راپەڕین گیانیان لەدەستدا. pic.twitter.com/dnIlFVlwZ5
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 7, 2023
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەو سێ کەسە هاوڕێی یەک بوون و بۆ بەسەربردنی کات چوونەتە نێو باخێکی قەڵادزێ. لەو کاتەدا، کەسێک بە ماتۆرسکلیلێکەوە هاتووە، تەقەی لێکردوون و هەرسێکیانی کوشتووە.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، هێزەکانیان راسپاردووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت. دەشڵێت، تاوەکو ئێستا کەس بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیرنەکراوە.