نرخی کارتۆنێک هێلکە نزیکەی 15 هەزار دینار بەرزبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی کارتۆنێک هێلکە نزیکەی 15 هەزار دینار بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، هۆکارەکەی رێگرییە لە هێنانی هێلکە بە قاچاخ.
 
مانگی رابردوو کارتۆنێک هێلکە کە 12 تەبەقی تێدایە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 45 بۆ 50 هەزار دینار بووە، ئێستا بووەتە 60 هەزار دینار. مانگی پێشوو تەبەقی هێلکە 4500 دینار بوو، ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 5,500 بۆ 6 هەزار دینار.
 
رۆژی پێنجشەممە 7ی ئەیلوولی 2023 سۆران عەبدولغەفوور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ کارتۆنێک هێلکە بە 60 هەزار دینار دەفرۆشرێت.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر نرخی هێلکە هەرزان بوو، خاوەنی پڕۆژەکان زیانمەند بوون، ئێستا کەمێک بەرزبووەتەوە بۆ ئەوان باشە، ئەگەرنا نرخ گران نەبووە."
 
لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکە، فیراس سدیق ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر هێلکەیەکی زۆری قاچاخ دەهاتە هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا ئەو قاچاخە کەمبووەتەوە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی؛ بەرەو وەرزی سەرماش دەچین، ئەویش دەکرێت هۆکارێک بێت کە نرخ بەرزببێتەوە."
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان رۆژانە 7000 کارتۆن هێلکەی پێویستە، بەڵام 13000 کارتۆن بەرهەم دەهێنێت؛ 6000 کارتۆنی هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات، کە ساڵانە دەکاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار کارتۆن هێلکە.
 
لە هەرێمی کوردستان 33 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، 15 پرۆژەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 11 پڕۆژە لە سلێمانی، پێنج پڕۆژە لە دهۆک و دوو پڕۆژەش لە گەرمیانن.