گەنجێکی کوردی ئێزدی بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەچێتە ئەوروپا و لە یۆنان 'بە جەڵتە' دەمرێت

 
رووداو - ئەلقوش

گەنجێکی کوردی ئێزدی لە کەمپێکی یۆنان گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ کەسوکاری لە گوندی دوغاتا-ی سەر بە ناحیەی ئەلقوش.
 
حەیدەر بیبو، گەنجێکی 27 ساڵی کوردی ئێزدی بوو، لە زکماکەوە نەخۆش بووە و کەسوکاری بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەشێوەیەکی قاچاخ ناردوویانەتە ئەوروپا، بەڵام پێش گەیشتنی بە شوێنی مەبەست لە کەمپێکی یۆنان گیانی لەدەستدا.
 
هاجەر بیبو، پووری گەنجە کۆچکردووەکە دەڵێت، حەیدەر دوای گەیشتنی بە یۆنان بەشێوەی قاچاخ، جەڵتە لێیداوە و کۆچی دواییکردووە. دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەیشی، حەیدەر لەلایەن کەسوکاریەوە لە گۆڕستانێکی ناوچەکەی خۆیان بەخاکسپێردرا. 
 
حەیدەر مانگێک و نۆ رۆژ بوو گەیشتبووە یۆنان. شێخ حەسەن، دراوسێ و کەسوکاری گەنجە کۆچکردووەکە دەڵیت، نازانن چۆن کۆچی دواییکردووە، ئەو برا و باوکی نەبوو، دایکیشی لە سەردانی کەسوکاری بووە کاتێک هەواڵی مەرگی کوڕەکەیی پێدراوە.
 
لە بنەماڵەکەی حەیدەر تەنیا دایکی ماوە و ئەویش تەندروستیی باش نییە.