لە هەولێر بەهۆی تەقینەوە لە کارگەیەکی ئاسن کرێکارێک گیانی لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری هەولێر، بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی تەقەمەنی لە کارگەیەکی ئاسن، کرێکارێکی گیانی لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کارگەیەکی شیش لە گوندی تیمار روویداوە.
 
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بڕینەوە و کارکردن بووە لەو ئاسنە کۆنانەی دەبرێنە کارگە بۆ تواندنەوە، دیارە گولـلەی کۆنی تێدابووە و تەقیوەتەوە".
 
ئەو کەسەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە خەڵکی هیندستانە. یوسف کەریم گوتی، سەرقاڵی بەدواداچوونن و بریندارەکانیش خەڵکی دەرەوەی عێراقن.
 
تەرمی قوربانییەکە لە دادپزیشکی هەولێرە و بریندارەکانیش رەوانەی نەخۆشخانە کراون.