لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵە لە ناحیەی شۆڕش شەش کەس بریندار دەبن

رووداو

رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکی قادرکەرەمییەکانی ناحیەی شۆڕشی چەمچەماڵ شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا و شەش کەس برینداربوون. 
 
یادگار عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری شارۆچکەی شۆڕش بە رووداوی گوت، بەهۆی کێشەی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە رووداوەکە روویداوە. یەکێک لە بنەماڵەکان چوونەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی دیکە و کەسێک دەستڕێژیی گولـلەی لە ماڵەکەیان کردووە. 
 
شەش کەس لە ماڵەکەدا بوون، یادگار عەبدولکەریم دەڵێت، هەموویان برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە. 
 
ئەو کەسەی تەقەی کردووە، وەک بەڕێوەبەری شارۆچکەی شۆڕش دەڵێت، تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.