بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە دوو مانگی رابردوودا 171 ئۆتۆمبێل سووتاون

 
رووداو - هەولێر

سووتانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە و تەنیا لە یەک رۆژدا سێ ئۆتۆمبێل لە سنووری هەولێر سووتاون. سەنگەر فەتحوڵا ئۆتۆمبێلەکەی لە شەقامی 150 مەتریی هەولێر سووتاوە کە بەهاکەی هەزاران دۆلار بوو، بەڵام دوای سووتانی تەنیا بە 200 دۆلار فرۆشتی.
 
سەنگەر فەتحوڵڵا، خاوەنی یەکێک لە ئۆتۆمبێلە سووتاوەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت، "لەسەر شەقامی 60 مەتری بەنزینم تێکرد بە 650 دینار بوو، هاتمە ئێرە ئۆتۆمبێلەکەم تاکی کرد و لە هیکەوە دەنگێکی لێهات، بینیم ئاگر بەرزبوویەوە؛ شوێنەکەم چۆڵ بوو، کەس نەبوو بەهانامەوە بێت، خۆیشم ئاگرکوژێنەوەم پێنەبوو."
 
ئۆتۆمبێلەکەی سەنگەر لە جۆری پاسات بوو، نرخی نزیکەی 6000 دۆلار بوو، بۆ کارگەی شیش باریکرد و بە 200 دۆلار فرۆشتوویەتی.
 
تەنها رۆژی دووشەممە 08-08-2023 لە پارێزگای هەولێر سێ ئۆتۆمبێل ئاگریان گرت و بە تەواوی سووتان، دوو لە ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی خراپیی کوالێتیی بەنزین و یەکێکیشیان بەهۆی دەستکاریی کارەبایی ئۆتۆمبێلەکەی بووە.
 
بەپێی ئاماری بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ماوەی 60 رۆژی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە 171 ئۆتۆمبێل سووتاون.
 
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی پۆلیسی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، "هۆکاری سەرەکی خراپیی کوالێتیی بەنزینە کە رێژەی گازی زۆر دەبێت و ئاگر دەکەوێتەوە، هۆکاری دووەمیشی دەستکاریکردنی کارەبایی ئۆتۆمبێلە کە بەستنی ئایپاد و جوانکارییەکان دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر."
 
سێ جۆر بەنزینی بازرگانی و جۆرێکی حکومی لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێن، خراپترینیان نابێت ئۆکتانی لە 89 کەمتر بێت.
 
ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، "کە نرخی بەنزین بەرز دەبێتەوە، فرت و فێڵیش زۆر دەبن و دەستکاریی کوالێتییەکەی دەکرێت بەڵام لیژنەکانمان لە چاودێری بەردەوامن و ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی بێ کوالێتی دەفرۆشن دادەخرێن و ناوەکانیشیان رادەگەیێندرێت."
 
هیچ لەو سێ رووداوەی سووتانی ئۆتۆمبێل کە رۆژی 08-08-2023 روویاندا، زیانی گیانییان نەبوو، خێرخوازانیش دوای رووداوەکان لەسەر شەقامەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی پارە بۆ شۆفێرە زیانلێکەوتووەکان کرد، ئەوەش وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی زیانە مادییەکانیانن.