بەرگریی شارستانی هەولێر لەبارەی ئاگرەکەی بازاڕی سێبیران روونکردنەوە دەدات
رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر لەبارەی درەنگ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی بازاڕی سێبیران روونکردنەوەیەکی هەشت خاڵی بڵاوکردەوە.
کۆنترۆڵکردنەوەی ئاگرە گەورەکەی بازاڕی سێبیران لەناو قەیسەری هەولێر 16 کاژێری خایاند، بەرگریی شارستانی هەولێر لەو بارەوە دەڵێت "هۆكاری ئەوەیە شوێنەكە زۆر بچووك و دووكانەكان كۆنن. هەروەها زۆری ئەو كەلوپەلانەی لەنێو كۆگەی بازاڕەكە دانراون بەشێوەیەكی ناڕێك وایكردبوو ئاگرەكە زیاتر دزە بكات و بڵاوببێتەوە. جگەلەوەش بەرزی پلەی گەرما هۆکارێکی دیکە بوو".
دەقی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر
دوای ئەوەی رووداوی ئاگركەوتنەوەی شەوی شەممە 4 ئابی 2018 لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر پایتەخت روویدا، كە رووداوەكە بووە هۆكاری زەرەر و زیانێكی ماددی بۆ دووكانەكانی نێو ئەو بازاڕە. دیارە لەنێو هەندێك دەزگای راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان قسە و باسی زۆری لێكەوتەوە. بۆیە ئێمە بە پێویستی دەزانین بۆ هاووڵاتییانی كوردستان بەگشتی و هەولێر پایتەخت بەتایبەتی چەند خاڵێكی گرنگ هەیە روونیبكەینەوە، بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەك ئەو بابەتە بەڕوونی باسی لێوە بكەین و هەریەكەمان ئەرك و مافی یەكدی لەبەرچاو بگرین:
1. ئەو رووداوە وەك هەر رووداوێكی دیكەی ئاگركەوتنەوە رووداوێكە دەبێ خۆمانی بۆ ئامادەبكەین. دەكرێ بڵێین چاوەڕوانكراویش بوو، بەڵام لێرەدا پێویستە ئەوە بگوترێ ئێمە بەردەوام لەڕێگەی تیمی پشكنینەكانمان سەردانی شوێنە بازرگانییەکان، دووكان، هۆتێل، چێشتخانە و سەرجەم شوێنەكان دەكەین بۆ ئاگاداركردنەوەیان لە هەبوونی مەرجەكانی بەرگری شارستانی، بەڵام بەداخەوە پەیڕەونەكردن و بەهەندوەرنەگرتنی مەرجەكان دەبێتە هۆكاری رووداوی لەو شێوەیە.
2. رووداوی بازاڕی قەیسەری لەڕووی كاتەوە زۆری خایاند بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكە، ئەوەشیان هۆكاری ئەوەیە شوێنەكە زۆر بچووك و دووكانەكان كۆنن. هەروەها زۆری ئەو كەلوپەلانەی لەنێو كۆگای بازاڕەكە دانراون بەشێوەیەكی ناڕێك وایكردبوو ئاگرەكە زیاتر دزە بكات و بڵاو ببێتەوە. هەروەها بەرزی پلەی گەرما ئێستا ئەوەشیان هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی ئاگرەكە زیاتر كات بخایەنێت.
3. كارمەندانی بەرگری شارستانی پلان و رێنمای تایبەتی خۆیان هەیە لەكاتی روودانی هەر ئاگركەوتنەوەیەك، بەڵام لەو كاتەی خەڵكی رێگەنادەن یاخوود قەرەباڵخی دروستدەكەن جا بۆ مەبەستی سەیركردنی رووداوەكە یاخود وێنەگرتن و گواستنەوەی وێنەكان بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی لەڕێگەی مۆبایلەوە، ئەوەشیان كاریگەری زۆر خراپی بۆ بەڕێوەچوونی كاری تیمەكانی ئاگركوژێنەوە دروستكردووە، هەروەها لەبەر تەسكی رێگاكانی نێو بازاڕەكە رێگری گەورە بوون بۆ زووتر كۆنترۆڵكردنی رووداوەكە.
4. ئێمە وەك بەرگری شارستانی ماوەی نزیكەی لە 16 كاژێر بەبێ وەستان سەرجەم تیمەكان خەریكی كۆنترۆڵكردنی رووداوەكە بووین، تەنانەت چەندین كارمەندمان تووشی هەناسەتووندی و مەترسی هەبوو لەسەر تەندروستی و ژیانیان، توانیان لەو ماوەیەدا چەندین دووكان و كۆگای گەورەی هاوڵاتیان رزگاربكەن، بۆیە ئێمە لێرەوە رایدەگەینن ئەگەر ئەو هەوڵ و ماندووبوون و شەونخوونی كارمەندانی بەرگری شارستانی نەبووایە كارەساتەكە بەشێوەیەك دەبوو زیانەكانی چەندین قات دەبوو، تەنانەت مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانیش دروستدەكرد.
5. ئێمە لەڕووی لۆجستیك و كەلوپەلەوە توانایەكی باشمان هەیە، بەڵام لە ئاستی ئەو رووداوە گەورانە و هەروەها لەو پێشكەوتنە زۆرەی ئێستا هەیە بۆ بەرگری شارستانی لە هەموو دونیا، رەنگە ئێمە لەو رووەوە پێویستی زیاترمان بە كەلوپەل و ئۆتۆمبێلی ئاگر كوژێنەوە هەبێت.
6. سەرجەم تیمەكانمان لەكات و ساتی خۆیاندا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە، بە هیچ شێوەیەك لە ئەستۆی بەرگری شارستانی نییە رووداوەكە بەو شێوەی لێهاتووە، چونكە ئەو كۆگا و دووكانانە لەهیچ روویێكەوە مەرجەكانی بەرگری شارستانیان تێدا نییە. لەكاتی روودانی ئاگركەوتنەوەكەش خاوەنەكانیان پەنجەی تۆمەت و هۆكاری زیانەكان دەخەنە ئەستۆی تیمەكانی ئێمە، بۆیە ئێمە بە مافی خۆمانی دەزانین هەر كەسێك بەو شێوەیە لە دەزگاكانی راگەیاندن بە ئارەزووی خۆی كارمەندانی بەرگری شارستانی بەكەمتەرخەم لەقەڵەمبدات، ئێمەش ناچارین رووبەڕووی یاسای بكەینەوە.
7. جارێكی دیكە بۆ هەموو لایەك دووپاتی دەكەینەوە ئەگەر بێت و مەرجەكانی بەرگری شارستانی پەیڕەو نەكەن خوانەخواستە ئەو جۆرە رووداوانە ئەگەری دووبارە بوونەوەیان دەبێت، كە رەنگە زیانەكانیشی زیاتر و زۆرتر بن.
8. هەموو كارمەندانی بەرگری شارستانی وەك پێشمەرگەی ناو ئاگر و لافاو بوومەلەرزە شانازی بە ئەركی خۆیان دەكەن و هەمیشە بەوپەڕی هێز و توانایان رووبەڕووی هەموو ئەو رووداوانە دەبنەوە كە رۆژانە روو دەدەن، بۆیە هیوادارین خەڵك بە ویژدانەوە بڕیار بدەن.