عارف قوربانی: ناگاتە هەفتەیەكی دیكە پەرلەمان دەوامی خۆی دەكات
رووداو - هەولێر
عارف قوربانی، نووسەر و رۆژنامەنووس دەڵێت، ئەگەر گۆڕان نەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان پێویستە هێزەکانی دیکە پەرلەمان کارا بکەنەوە، چونکە بەگوتەی ئەو "گۆڕان هیچ پاساو و بیانوویەكی بۆ نەماوەتەوە". دەشڵێت، ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشەوە، ناگاتە هەفتەیەکی دیکە پەرلەمان دەست دەکاتەوە بە کارەکانی.
لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی "گفتوگۆی رۆژنامەنووس" لە رادیۆی رووداو، عارف قوربانی، نووسەر و رۆژنامەنووس گوتی "هیوادارم هەموو لایەنەكان پێكەوە ئەو بەرپرسیارییەتییە بگرنە ئەستۆ، پەرلەمان كارا بكەنەوە، ئەگەر نا ئەو حاڵەتە دروست بووە كە خەڵكی كوردستان و حیزبەكان ئەو پرسیارە لە خۆیان بكەن، تاكەی یەكێك لە حیزبەكان لەبەر هەر هۆكارێك بێت، كە ناتوانێت بڕیار بدات یان نایەوێت بێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی، یان یاری بەكات دەكات. لە كوردستان بەدەست كاتەوە زەرەری زۆر دەكەین، كاتی ئەوەمان بەدەستەوە نەماوە ململانێ سیاسییەكان بە تێپەڕاندنی كات و بە یاریكردن بەكات بەسەر بەرین".
عارف قوربانی گوتیشی :"هیوادارم هێزەكانی دیكەش بەشی ئەوە جەسارەتیان تێدابێت، لە دۆخێكدا ئەگەر هێزێك كە هیچ پاساو و بیانوویەكی بۆ نەماوەتەوە، هەر نەهاتە پێشەوە هێزەكانی دیكە بڕیار بدەن و پەرلەمان كارا بكەنەوە. چونكە ئەو هێزانە ئەگەر نەیەنە ناو سەرۆكایەتی پەرلەمانیش خۆ واز لەكاری پەرلەمانتاری ناهێنن، پەرلەمانتارەكانیان دێنەوە و دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن لە پەرلەمان و فراكسیۆنەكەیان دەست بەكاردەبێتەوە".
لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بەبێ گۆڕان، قوربانی گوتی"ئەگەر ئەوە بكرێت دەتوانم بڵێم لە پرۆسەی سیاسی دەچینە قۆناخێكی دیكەوە. ئەگەر ئەوە نەكرێت رەنگە تووشی گرفتی گەورەتر بین. هەم لە پرۆسەی گشتپرسی و هەم لە تەواوبوونی ماوەی یاسایی خودی پەرلەمانیش".
عارف قوربانی، باسی لەوەشکرد"پێشتر لەبەر بەرژەوەندی گۆڕان یەكێتی زۆر چاوەڕێی كرد، بووە هۆكاری ئەوەی هیچ مەرجێك لەبەردەم كاراكردنەوەی پەرلەمان نەهێڵێت، هیچ ئەو زوڵمانە نەهێڵێت كە لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان هەبوو، بۆیە یەكێتی چاوەڕێ ناكات، لەم دوو سێ رۆژەدا هیوادارم كاك د. یوسف وەكچۆن بەگوێی نەتەوە یەكگرتووەكان و حیزبەكانی نەكرد و كۆبوونەوەی 19ی ئابی كرد، هیوادارم ئاواش گوێ بە هەندێك دەنگی ناڕازی بزووتنەوەی گۆڕان نەدات و بچنەوە پەرلەمان و دەوامی خۆیان بكەن، چۆنیشیان دەوێت ئاوا ئیش بكەن. بەس ئەگەر نەچێت ناگاتە هەفتەیەكی دیكە لە تەلەڤزیۆن خەڵك دەیبینێت كە پەرلەمان دەوامی خۆی دەكات".
داڕشتنەوە: حەکیم داود