گفتوگۆی مەسرور بارزانی و خەڵک: بەرنامەکانی حکومەت لە هەموو شوێنێک جێبەجێ نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی مووچە گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش و "ئینشائەڵڵا چی دیکە بابەتی مووچە نابێتە هەواڵی رۆژنامە و میدیا." مەسرور بارزانی گوتی: "بەداخەوە هەموو بەرنامەکانی حکومەت وەکو خۆی لە هەموو ئاستەکان و لە هەموو شوێنەکان جێبەجێ نەکراون".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانییانی سنووری سلێمانی، باسی لە پرسی مووچە، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، کۆچی گەنجان، هەلی کار و چەند بابەتێکی دیکەیش کرد.
مەسرور بارزانی لە سەرەتای قسەکانیدا گوتی، ئەوە جاری یەکەمی نییە لە گفتوگۆی هاوشێوەدا بەشداری دەکات: "دەمەوێت راشکاوانە راستەوخۆ لەگەڵ بەشداربووان گفتوگۆی ئەو بابەتەکانە بکەین بۆ هاونیشتمانیانیان و کوردستان و پەیوەندی نێوانمان گرنگە."
مەسرور بارزانی: دەبێت گەنج خواستی ئەوەی هەبێت لە کوردستان بمێنێتەوە
گەنجێکی شارۆچکەی سەنگەسەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەکەم پرسیاری گفتوگۆکەی لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کارەوە گەنجانی سنوورەکەی وێڕای سەختی رێگەکان، بە "ژمارەیەکی زۆر" دەچنە وڵاتانی دەرەوە. بەرنامەی حکومەت چی دەبێت بۆ رەخساندنی هەلیکار؟
مەسرور بارزانی لە وەڵامی ئەو گەنجەدا گوتی: "جێگەی داخە گەنجی ئێمە بیر لە کۆچ بکاتەوە، دەمەوێت لەم بارەیەوە راشکاوانە قسە بکەم، جارێ ئەو گەنجەی کۆچ دەکات، ئایا بۆ کۆچەکە پارە دەدات یان نا، بەڵێ دەیدات، کەوایە با ئێمە راستی بابەتەکە ببینین. پێش هەموو شتێک پێموایە ئەو قاچاخاچی و بازرگانە سیاسییانەی ژیانی هاووڵاتیانیان کردووە بە کاڵا بۆ بەرژوەندی کەسیی خۆیان تاوانباری یەکەمن، کە گەنج دەکەوێتە داوی ئەوانەوە".
لە بەردەوامیی وەڵامەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، وێڕای سەختیی رێگەکە، گەنجێک کە دەگاتە ئەو وڵاتەی دەیەوێت، "لەوێ حکومەت کاری بۆ پەیدا دەکات یان خۆی بۆ کار دەگەڕێت؟.. خۆی دەچێت بۆ نزمترین کار کە هیچ کارێکیش عەیبەی تێدا نییە، بەڵام هەموو کارێک قبووڵ دەکات لە دەرەوە بیکات، ئایا لێرە هەمان کار دەکات؟ گەنجەکە لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر قبووڵی ناکات".
لەبارەی هۆکاری کۆچکردنی گەنج بۆ دەرەوە سەرۆکی حکومەت گوتی: "لێرە شاڵاوێکی پڕوپاگەندەی نەرێنی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی بە گەنج بڵێن: نابێت لێرە بمێنیتەوە، نابێت لێرەی بژیت، ژیانێکیان بۆ وێنا کردوون کە راستی نییە. لەو رێگەیەدا پارەیەکی زۆری لێ وەردەگرن، دەیخەنە مەترسییەوە و زۆرینەشیان ناگەن بە ئامانج؛ بەشێکیان لە رێگە گیان لەدەستدەدەن، بەشێکیشیان دەچنە ئەوێ پەشیمان دەبنەوە".
لە وەڵامی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەتوانن چی بکەن بۆ هەلی کار و گەنجان؟ سەرۆکوەزیران گوتی: "هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ بە هەمەجۆرکردنی ئابووری لە کوردستان، بۆ ئەوەی پشتبەستنمان تەنیا بە نەوت و گاز و سووتەمەنی نەبێت، گرنگیمان بە کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و پیشەسازی داوە، بەڵام ئەمە بە شەو و رۆژێک ناکرێت".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا بەراورد بە جاران جووتیاران زیاتر گەڕاونەتەوە بۆ کشتوکاڵکردن: "هەندێکیان کۆمپانیایان داناوە بۆ بە پیشەسازیکردنی خۆراک، کە ئەمەش بۆخۆی دروستکردنی هەلی کارە؛ هەندێکیان هەناردەی دەرەوەی دەکەن ئەمەش دروستکردنی هەلیکارە و خەڵکی پسپۆڕی دەوێت بۆ راپەڕاندنی کارەکانی، ئەم هەنگاوانەن کە هەلی کار دروست دەکەن".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "هیوادارم گەنجانی ئێمە زیاتر چاو لەوە بکەن کە خۆیان دەتوانن چی بکەن بۆ خۆیان و چۆن کار بۆ خۆیان بدۆزنەوە؟ حکومەتیش دەتوانێت ئاسانکارییان بۆ بکات، بەڵام پێش هەموو شتێک دەبێت خۆیان خواستیان هەبێت لە وڵاتی خۆیان بمننەوە و کار بکەن".
مەسرور بارزانی زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی: "نایشارمەوە، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دەیان هەزار کرێکاری بیانی هەن و کار دەکەن، ئەگەر کار نەبێت ئەوانە کاریان لە کوێ دۆزیوەتەوە؟ تکام وایە، هاووڵاتی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەمە وڵاتی خۆیەتی، با هیچ بازرگانێک و بازرگانێکی سیاسیی یاری بە چارەنووسی گەنجەکانمانەوە نەکات".
مەسرور بارزانی: یارمەتیی ئەو کەسانە دەدەین کە یارمەتیی خۆیان دەدەن
سەرۆکوەزیران باسی لەوەشکرد، "ئەگەر گەنجێک بۆ خوێندن بێت یان باشترکردنی ژیانی بیەوێت بچێتە دەرەوە ئەوە ئاساییە و لە هەموو جیهان روودەدات، بەڵام لە ناچاری، بڕوا بکەن ئەوەی لە ناچاری بۆی دەڕوات لەوێ دەستی ناکەوێت، کوردستان هەر باشترە و شیرینترە و زیاتر دەتوانێت ئامێز بۆ گەنجی خۆی بکاتەوە".
مەسرور بارزانی دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی هەیە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بزنسی نوێ بۆ خۆیان بکەن. گوتیشی: "یارمەتیی ئەو کەسە دەدەین بیەوێت یارمەتی خۆی بدات؛ دەبێت داهێنەر بێت و بیرکەی هەبێت و خواستی کاری هەبێت، حکومەتیش بەرنامەی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت یارمەتیان بدات، پڕۆسەکە دوو لایەنەیە؛ هاووڵاتی بیەوێت لەگەڵ حکومەت پەیوەندییەکی تەندروست دروستبکات، زۆرینەی ئەو کێشانە چارەسەر دەبن".
مەسرور بارزانی: بەرنامەکانی حکومەت لە هەموو شوێنێک وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە
ریاز سابیر، هاونیشتمانییەکی دەڤەری راپەڕینە، پرسیاری لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە راستیدا بەخێرهاتنی جەنابت ناکەم، لەبەرئەوەی ئێرە ماڵی خۆتە، پێموایە ئەگەر ئێرەش بە ماڵی خۆت بزانیت و وەکو هەولێر و دهۆک خزمەتی بکەیت گەورەیی خۆت دەسەلمێنیت. من لە بواری کشتوکاڵدا کار دەکەم، پێشتر مامۆستا بووم و وازم لە کەرتی حکومەت هێنا و هاتمە کەرتی تایبەت کار بکەم، ئێستا لە کەرتی تایبەتیش کە من باخ و نەمامگەم هەیە هیچ هاوکارییەک لە حکومەتەوە نابینم، ساناترین شت ئەو بارەی دەینێرمە هەولێر لە بازگەکان دەڵێن (حەفری کە) و وانەکەم 10 کاژێریش رێگە نادەن دەربازی بکەم، کاکە خۆ تلیاکم پێ نییە، رۆژانە دووبارە دەبمەوە لەو پرسەگەیە، نەمامم پێیە؛ هەنارم پێیە، بۆ دەبێت هێندە ئەزێت بدرێم؟.
ئەو جووتیارە لە بەردەوامی قسەکانیدا بەرامبەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو گەنمەی پار لە سایلۆی چوارقوڕنە وەرگیراوە ئێستاش لە سایلۆکەدایە، ئێستا لەوانەیە 100 بارهەڵگر نۆرەی گرتبێت گەنمی لێ وەربگیرێت، کە کێشەیەکی زۆر گەورەیە بۆ جووتیاران. بابەتێکی دیکە لە کشتوکاڵ لە سنوورەکەی ئێمە نەبوونی کەرتی تایبەتە لە بواری کشتوکاڵدا، من دوێنێ گەنمم فرۆشتووە کیلۆی بە 510 دینار، لە کاتێکدا کیلۆیەک ساوەری تورکیم بە دوو هەزار دینار کڕیوە. با حکومەت بەس باسی گەنم نەکات، نۆک، فاسۆلیا و نیسک وەربگرێت بۆ ئەوەی ببێتە هاندەر بۆ کەرتی تایبەت. ناکرێت خەیاری من کیلۆی 250 دینار نەکات لە بازاڕدا، بەڵام خۆم خەیارشۆری تورکی بخۆم! هیوادارم کەرتی تایبەت هانبدەن لە بواری کشتوکاڵدا وەبەرهێنان بکەن، هەم گەنجان دەخرێنە سەر کار و هەمیش بەرهەمی نێوخۆ بخۆین نەوەکو دەرەوە.
لە وەڵامی ئەو هاونیشتمانییەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەمیشە خۆم بە خزمەتکار و بچووکی هەمووتان دەزانم. ئەو ئەرکەی لەسەر شانمە بە ئەمانەتەوە وەرمگرتووە؛ خودا شاهیدە بە ئەمانەتیشەوە کارەکانم کردووە، بەردەوامیش دەبم لەوەی ویژدانی خۆم، خودای خۆم و ئێوە لێم رازیبن، ئەوە بۆ من گەورەترین سەروەت دەبێت. بابەتی کشتوکاڵ پێموایە لەم کابینەیە زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە گرنگی بە بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ دراوە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر کارەکانیان بۆ برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ گوتی: "توانیمان دەرگەی هەناردەکردن بۆ بەرهەمی کشتوکاڵ بکەینەوە، ئەمانە بە شەو و رۆژێک کۆتایی نایەت، ناشتوانین بگەین بەو ئامانجە گەورەیەی هەمانە، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو دەرگەکان بکەینەوە، بەڵام دستمان پێکردووە. لە هەندێک شت بەداخەوە؛ هەموو بەرنامەکانی حکومەت وەکو خۆی لە هەموو ئاستەکان و لە هەموو شوێنەکان جێبەجێ نەکراون".
مەسرور بارزانی لە قسەکانیدا باسی لە هاوردەکردنی بەرهەمی قاچاخ کرد و گوتی: "گلەییەکی زۆر هەیە لە هاوردەکردنی شتی قاچاخ یان ماوە بەسەرچوو لە هەندێک لە سنوورەکان، کە داوا دەکرێت ئەو سنوورانە کۆنترۆڵ بکرێن کێشەی سیاسیی دروست دەبێت، کە ئەوەش نەبێت کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتیی دروست دەکات".
لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆنێک گەنمی جووتیاران بە 850 هەزار دینار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەکڕدرێتەوە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "حکومەتی عێراق ئامادە نەبوو هەموو گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە، ئەمجارە هەرچەند هەوڵماندا لە 700 هەزار تۆن زیاتریان وەرنەگرت.. ئەوەی بە نرخی حکومەت وەردەگیرێتەوە دیارە، ئەوەی دەمێنێتەوە مانای ئەوە نییە جووتیار ناتوانێت بیفرۆشێت، بەڵام دەبێت بە نرخێکی کەمتر بیفرۆشێتەوە، چونکە نرخی لە بازاڕی ئازاددا کەمترە لە نرخی حکومەت، ئەمەش بابەتێکە پێویستی بە هەڵوەستەیەکی جیدییە، ئێمە دەمانەوێت چی بکەین؟ ئایا بۆ هەموو هاوکارییەکی جووتیار دەبێت پاڵپشتی حکومەت هەبێت، یانیش ئێمە بەرهەمەکانمان هێندە زیاد بکەین پێویستیمان بەوە نەبێت هەمووکاتێک حکومەت بێت و نرخی لەسەر دابنێت، بە پێچەوانەوە ببێتە داهات بۆ هاووڵاتی و حکومەت بەشێوەیەکی گشتیی".
مەسرور بارزانی گوتی: "بۆ ئەو شتومەکانەی لە دەرەوە بەشێوەیەکی یاسایی هاوردە دەکرێن، وەکو ساوەر یان خەیارشۆر کە باس کرا، ئەمەش بابەتێکە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی قسەی لەسەر بکرێت، چونکە کۆدی گومرگی دەبێت لەگەڵ ئەوان رێکبخرێت، ئێمە ئەو دەسەڵاتەمان نییە بە ئارەزووی خۆمان کۆدی گومرگی دابنێین و دەبێت لەگەڵ کۆدی حکومەتی فیدراڵیدا بگونجێت، لە هەندیک شوێن ئێمە پێیەوە پابەند دەبین، بەڵام لە زۆرینەی دەروازەکانی دیکەی عێراق دانی پێدا نانێن، بۆیە بە نرخێکی هەرزانتر دەهێندرێت و لە ئەنجامدا جووتیاران زیانمەندن، ئاگادارین و قسەمان لەسەر کردووە، بەڵام پشوو درێژیی دەوێت".
مەسرور بارزانی: بەرپرسیارم لەوەی روودەدات
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی قەزای دەربەندیخان بە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی گوت، 15 ساڵە بەردی بناخەی پڕۆژەیەک لە قەزای دەربەندیخان دانەنراوە. دەیان پڕۆژەی وەزارەتەکان هەن 50% یان تەواو بوون و 10 ساڵە جێهێڵدراون، داوا دەکەم ئەو پڕۆژانە بخرێنەوەگەڕ کە نیوەیان تەواو بوون. گوتیشی: "دەربەندیخان 20 خولەک رێگەی هەیە، لە تونێلەکەوە تاوەکو میرەدێ، لە ماوەی سێ ساڵدا پێدەچێت هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیە گیانیان لەدەستدا بێت. بۆیە داوا لە بەڕێزت دەکەم هەوڵێکی جیدیمان بۆ بدە، ماڵ هەیە دوو کوڕی گیانیان لەدەستداوە، ماڵ هەیە دایک و باوک و دوومنداڵیان گیانیان لەدەستداوە، ئێمە ستافێکی خۆبەخشتین لە دەربەندیخاندا، لە دینی ئیسلامدا پێنج فەرز نوێژ هەیە، ئێمە شەش دەکەین و شەشەم بۆ نوێژی جەنازەیە".
ئەو هاونیشتمانییە لە بەردەوامی داواکانیدا لە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ئاوی دەربەندیخان بۆ تەندروستی خراپە و داوایکرد داواکانیان جێبەجێ بکرێت.
لە وەڵامدا مەسرور بارزانی گوتی: "بەداخەوە بۆ ئەو کەموکورتییانە. سەرۆکی حکومەت بەرپرسیارە لەوەی روودەدات، بەڵام دامودەزگەی کارگێڕی لە هەموو شار و قەزاکان دانراوە بۆ ئەوەی کارەکان بەڕێوەببەن، ئێمە زۆر پشتمان بە دەسەڵاتی ناوچەکان بەستووە بۆ ئەوەی بتوانن بەپیری خزمەتگوزاری خەڵکەوە بێین، دەبوو ئەو گرفتانە نەبن، هەندێکیان رەنگە هۆکار هەبێت، توانای پێویست نەبووە، یان پێڕانەگەیشتوون، بەڵام نەوەکو هەمووی. من نامەوێت بەرپرسیارێتی بخەمە سەر دەسەڵاتی خۆماڵی و کارگێڕی ناوچەکان کە ئەوان کەمتەرخەم بووبن بەرامبەر خەڵک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان، بەڵام زیاتر پێداچوونەوە دەکەین و هەوڵدەدەین لێکۆڵینەوە لە نەکردنیان بکەن".
مەسرور بارزانی: لەمەودوا بابەتی مووچە چیتر نابێتە هەواڵی میدیا
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی، ئەمڕۆ بابەتی مووچە زۆرترین باس و خواسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی بۆ چارەسەکردنی بنەڕەتی مووچە چییە؟
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆر هەبن؛ هەموویان فەرمانبەر نین، کەسوکاری شەهیدان، زیندانی سیاسی، پەککەوتەشن، لەکاتێکدا دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە لە 7 ملیۆن کەس، کەواتە خەڵکیش هەن خاوەنی کاری خۆیانن یان لە کەرتی تایبەتدان.
مەسرور بارزانی گوتی: "گەیشتووینەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق، کە مووچەکان {هاتنیان} بەردەوام بن، پێموایە وردە وردە دەکەوێتە رێچکەی خۆی، کە ئینشائەڵڵا لەمەودوا بابەتی مووچە چیتر نابێتە هەواڵی رۆژنامە و میدیا".
مەسرور بارزانی: ئەوانەی دژایەتی هەژماری من دەکەن یان لێی نازانن یا مەرامی سیاسییان هەیە
هاونیشتمانییەکیش بە سەرۆکوەزیرانی گوت: دەگوترێت "هەژماری من" فێڵ و تەڵەکەیە، لەم بارەیەوە قسەی تۆ چی دەبێت؟
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ خزمەتی هاووڵاتیان دروستکراوە، ئەوانەی دژایەتی دەکەن یان تێبینیان لەسەری هەیە، یان لێی نازانن یان بۆ مەرامی سیاسیی دژایەتی دەکەن. "پڕۆژەکە نە کەسییە و نە حیزبییە، تەنیا شتێکە کە توانای دارایی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە، ئەو فەرمانبەرەی کە مووچە وەردەگرێت تەنیا ئەمجارە لە حکومەت وەری دەگرێت، نە لە بەرپرسێکی سیاسیی نە لەبەرپرسێکی سەربازیی وەردەگریت؛ نە لە کەسێک کە خۆی بە گەورەتر بزانێت".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "چەندین خزمەتگوزاری هەن، یەکێک لەوانە وەرگرتنی قەرزە، هاووڵاتی دەتوانێت لە بانک قەرز وەربگرێت، لەوانەیە بتوانێت بزنسێک بۆ خۆی رێکبخات و دواتر پەرەی پێ بدات، دەشتوانێت وەکو هەموو کەسێک لە دونیای پێشکەوتوودا سوود لە خزمەتگوزاریی بانکی وەربگرێت. پڕۆژەکە تەنیا لە خزمەتی هاووڵاتیدایە نازانم بۆ داژایەتی دەکرێت".؟
مەسرور بارزانی: هەموو شارەکان بێ جیاوازی ماڵی منن
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی: لە قەڵادزێ دەژین و ناوبەناو کێشە و قەیرانی ئاو هەیە، پڕۆژەی تەواونەکراو هەیە و هەموو دەڵێن پارەی لای کاک مەسرورە و خەرجی ناکات. داواشیکرد سەرۆکوەزیران سەردانی قەڵادزێ بکات و سەرۆکوەزیرانی هەموو کوردستان بێت.
مەسرور بارزانی وەڵامی دایەوە و گوتی: "من خۆم نە بە سەرۆکوەزیران دادەنێم نە بە گەورە، برا بچووک و خزمەتکاری هەمووتانم، رێگە بە یەک شت نادەم، ئەویش ئەوەیە بڵێم تۆ هی ئەم شوێنە یان ئەم دەڤەرەیت، سلێمانی بێ یان هەڵەبجە، یان هەولێر و دهۆک و قەڵادزێ هەمووی ماڵی منە و کوردستان وەکو یەک وایە بۆ من، ئەوەی نەکرابێ یان نەمکردبێ دیارە هۆکاری دیکە هەبووە کە رێگربووە، ئەگەرنا من نامەوێت خۆم بچووک بکەمەوە بە سنوورێکی جوگرافی بچووککراوەوە، من هەموو کوردستانم دەوێت و دەمەوێت خزمەتی هەمووی بکەم".
لەبارەی سەردانییەوە بۆ قەڵادزێ مەسرور بارزانی گوتی: "کاتی خۆی لە راپەڕیندا بە پێ هاتین و یەکەم جاریش هاتینە قەڵادزێ لەگەڵ جەنابی سەرۆک دواتر چووینە رانیە و شوێنەکانی دیکە، هەرکاتێک بۆم رێککەوێت دێم و ئەگەر نەشهاتبین داوای لێبووردن دەکەم و دیارە رێکنەکەوتووە".
مەسرور بارزانی: مامۆستایان ململانێی سیاسیی نەبەنە نێو پەروەدە و خوێندن
کچێکی گەنج وەکو راهێنەرێکی پەروەردەیی قسەیکرد و بە سەرۆکوەزیرانی گوت: ئێستا وەکو جاران گرنگی بە پڕۆسەی خوێندن نادرێت. گوتیشی، پار بەهۆی بایکۆتەوە "مامۆستایان بێ زەردەخەنە گەڕانەوە قوتابخانەکان، بەڕێزت بۆ ئەم ساڵ مژدانە دەدەیتە مامۆستایان بتوانن بە دڵێکی خۆش و هەنگاوێکی نوێوە بگەڕێنەوە پڕۆسەی خوێندن؟
مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی خوێندن و پێشكەوتنی پەروەردەی کرد و گوتیشی: "حکومەت بۆ زیاتر خزمەتکردنی مامۆستایان و خوێندن و کەرتی پەروەردە درێخی ناکات، هەندێک شت رەنگە لە دەسەڵاتی حکومەت نەبووبێت و وەکو پێویست ئیمکانیات بەردەست نەبووبێت یارمەتی ئەو کەرتە بدرێت، بەڵام بێگومان چیمان پێ بکرێت دەیکەین".
سەرۆکی حکومەت گوتی: دەبێت مامۆستا وابکات قوتابی ئومێد و خۆشەویشتی بۆ نیشتمان هەبێت. دەبێت بڕوای بە خۆپێگەیاندن هەبێت. "دەزانم گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە چەندە گرنگە. خوێندن و بژێوی ژیانی مامۆستایان، ئەو مامۆستا بەڕێزانەی بایکۆتیان کرد بڕواناکەم هەموویان هاوڕابووبن و هەندێکیان رەنگە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە کەوتبن، بەڵام کارێکی باش نەبوو، هیوادارم مامۆستایان ئەم کارە دووبارە نەکەنەوە و زیاتر بگەڕێنەوە قوتابخانە و گرنگی بە پەروەردەکردنی قوتابیان و منداڵان بدەن و دڵنیابن حکومەت لە پشتیانە و قەتیش مافەکانیان نافەوتێت. داوا دەکەم مامۆستایان ململانێی سیاسیی نەهێننە نێو پەروەدە و خوێندن".
مەسرور بارزانی: بەعەرەبکردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان بەردەوامە
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی، دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق دەیانەوێت بە پرسی مووچە خەڵکی هەرێمی کوردستان سەرقاڵ بکەن و پرسەکانی دیکە لەبیری خەڵک ببەنەوە، وەکو پرسی ناوچە دابڕاوەکان. ئایا حکومەت چ هەنگاوێک دەگرێتەبەربۆ وەستانی ئەو دیاردەیە و نەبوونی کورد بە کەمینە لەو ناوچەیە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: تاوەکو ئێستاش سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە ناوچە دابڕێنراوەکان بەردەوامە. گوتیشی: "ئەوەی توانیومانە بیکەین دانمان بە هیچ گۆڕانکارییەکەدا نەناوە و ئامادە نین و ناشبین شتێک لەسەرمان بسەپێندرێت، جگە لەوەی لە مادەی 140ـی دەستووردا هاتووە چارەسەری ئەم ناوچانە بکرێت. لە زۆر شوێن هەوڵی تەعەدا دراوە و رێگری لێکراوە".
مەسرور بارزانی گوتی: "بەهیچ جۆرێک قبووڵی ناکەین، یەک بستی هەرێمی کوردستان بە زۆر لەدەستی کوردستان بچێت".
مامۆستایەکی ژن لە گفتوگۆکەدا داوایکرد، داوای مامۆستایان جێبەجێ بکرێت و گوتیشی: پڕۆگرامەکانی خوێندن بە شێوەیەکە مامۆستایان خولی زیاتریان دەوێت بۆ باشتر گوتنەوەی وانەکان.
سەرۆکی حکومەت گوتی، "ئێمەش هەڵە بکەین دەبێت مامۆستا راستی بکاتەوە، یەک شتم پێناخۆشە، ئەویش ئەوەیە مامۆستا بە کرداری خۆی قوتابی فێربکات تەسلیم بێت، بایکۆت بکات، وازبهێنێت، قوتابی لەو تەمەنە فێری تەسلیم بوون بێت، دەبێت کە گەورە بێت چۆن پەروەردە بێت؟ من لەگەڵ کێشەکانی مامۆستام و دەبێت چارەسەری بکەین، بەڵام دەبێت لە ئێمە پشوودرێژتر بین، ئەوان نەوەیەک پەروەردە دەکەن و ئەرکیان لە ئێمە پیرۆزترە".
مەسرور بارزانی: ئومێدم زۆرە لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای 24 کاژێری دابینبکرێت
هاونیشتمانییەکی دیکە قەزای دەربەندیخان گوتی، خاوەنی دوو دەریاچەن بەڵام ئاوەکەیان تام و بۆن و رەنگیشی هەیە و بۆ بەکارهێنان نابێت. گوتیشی، خاوەنی وێستگەی کارەبای کارۆئاوین بەڵام خەڵکی شارەکە کەمترین کارەبایان هەیە. "هیوادارم بە دەستی پڕەوە بماننێریتەوە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، کێشەی کارەبا لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەیە و هۆکاریشی زۆرە، لەوانە هەبوونی خواستی زۆر لەسەر کارەبا. گوتیشی: "وەکو پێویست نەمانتوانیوە سوود لەو سەرچاوە سرووشتیانە وەربگرین بۆ دابینکردنی کارەبا، بەڵام بەرنامەمان هەیە، نامەوێت کات دابنێم، بەڵام ئومێدم زۆرە لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانین کارەبا بۆ هەموو کوردستان بە 24 کاژێری دابینبکەین نەوەکو تەنیا دەربەندیخان، بەڵام بەڵێنی کاتەکە نادەم. بە دڵنیاییش بەدواداچوون بۆ کێشەی ئاویش دەکەین".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "بەرژەوەندی خەڵکم خستووەتە پێش بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەکان، شانازیشی پێوە دەکەم، بەردەوامیش دەبم، ئەوەی بۆ من شانازییە خزمەتی ئێوەیە. لایەنی سیاسیی لێم رازیی بن لەسەر ئەوە سوپاسیان دەکەم و رازیش نەبن کەیفی خۆیانە".
هاونیشتمانییەکی سنووری شارباژێر گوتی: چەم و رووباریان هەیە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا بەنداویان لە سنوورەکەیاندا نییە کە پێویستیانە. داواشیکرد، رێگەی سلێمانی بۆ چوارتا نۆژەن بکرێتەوە و فراوان بکرێت.
سەرۆکی حکومەت گوتی، ئەوان لەگەڵ دروستکردنی بەنداودان لە هەموو هەرێمی کوردستان و چەندین بەنداو و پۆندیان دروستکردووە و چوار بەنداوی گەورەش لە بەرنامەدان بۆ جێبەجێکردن. "بەگوێرەی توانای حکومەت هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکانی رێگەوبارن دەدەین، بەڵام دابینکردن و چارەسەرکردنی مووچە لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت."