350 حاجی بە فڕۆکە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکەم گەشتی گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە دەستپێدەکات و 350 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە.
رۆژی هەینی، 7ـی تەممووزی 2023، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ گەشتی ئاسمانیی گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و 350 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
نەبەز ئیسماعیل کە خۆی لە سعودیەیە، گوتی، "ئێمە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مەدینەین و بڕیارە کاژێر 02:50 خولەک فڕۆکە بەڕێبکەوێت و کاژێر 05:00ـی ئێوارە بگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".
ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەج 4,684 کەس بوو؛ لەو ژمارەیە 690 کەسیان لە رێگەی وشکانییەوە گەشتیان کرد؛ رۆژی 5ـی ئەم مانگە ئەوانەی لە وشکانییەوە گەشتیان کردبوو گەڕانەوە هەرێمی کوردستان؛ ئەمڕۆ 350 حاجی دەگەڕێنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانی گەڕانەوەیان بەردەوام دەبێت.
یەکەم گەشتی هاونیشتمانییان بۆ سعودیە 9ی حوزەیران بە رێگەی وشکانی دەستیپێکرد؛ گەشتی ئاسمانیش لە 12ی حوزەیرانەوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەستیپێکرد.
تێچووی حەجی ئەمساڵ بە رێگەی ئاسمانی 4 هەزار و 500 دۆلار و بە رێگەی وشکانیش 3 هەزار و 800 دۆلار بوو.
لە حەجی ئەمساڵدا چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و لە سعودیە بەخاکسپێردران.