هێزەکانی پاسەوانی سنوور خاڵێکی نوێی سەربازی لە سنووری چیای پاورا دادەنێن


رووداو دیجیتاڵ

لە ماوەی سێ رۆژدا هێزەکانی پاسەوانی سنوور چوار خاڵی نوێی سەربازییان بە درێژایی 240 کیلۆمەتر لە حاجی ئۆمەرانەوە تاوەکو مێرگەسۆر داناوە.
 
گەیشتن بە چیای کۆدۆ کە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستانی لێوە دیارە، بۆ هێزەکانی پاسەوانی سنوور ئاسان نەبوو، چونکە لە رێگەدا هەشت مینی چێندراویان پێدا تەقیەوە. لیوای دووی پاسەوانی سنوور 125 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ هێزەکانی تورکیا و 115 کیلۆمەتر سنووریان لەگەڵ هێزەکانی ئێران هەیە.
 
لە ماوەی مانگێدا، ئەوە دووەم پێشڕەویی هێزەکانی پاسەوانی سنوورە لە قەزای مێرگەسۆر کە هاوسنووری رۆژهەڵات و باکووری کوردستانە.
 
عەمید گۆران خۆشناو، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانی سنوور دەڵێت، "لەسەر فەرمانی لیوا عەمادە فازل دزەیی فەرماندەی پاسەوانی سنوری ناوچەی یەک فەرمانی کرد کە هێزێکی لیوای دووی پاسەوانی سنور بۆ سەر چیای پاورا پێشرەویی بکەین دەمانەوێت بە پێشرەوییەکانمان رێگری بکەین لە پێشرەوییەکانی سوپای تورکیا لە سنوری ناحیەی شێروان مەزن".
 
عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەک دەڵێت، "ئێمە وەک هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ماوەی سێ رۆژدا سێ خاڵی سەربازیمان لەسەر چیای کۆدۆ داناوە کە 31 ساڵ بوو هیچ هێزێکی سەربازی لەم سنوورە نەبووە".
 
هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کە ساڵی 2003 لە بەشێکی هێزی پێشمەرگە پێکهات، تاوەکو ئێستا تاوەکو ئێستا 34 خاڵی سەربازییان لە رووباری ئاڤاشین تاوەکو قەندیل داناوە.